نێچیرڤان بارزانی: پێویستە تورکیا دەمیرتاش ئازاد بکات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان به‌ پێویستى ده‌زانێت توركیا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی ئازادبكات و ده‌شڵێت، لەو بڕوایەدام بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆکی یەکێتی.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سایتی ئەلمۆنیتۆ، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاند، ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراقی دەریكرد بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان بڕیارێكی باش نەبوو، كورد‌و سوننە بەشدارییان لەو بڕیارەدا نەكرد، بڕیاری كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان پێشینەیەكی خراپە، بڕیارەكە لەلایەن كوتلەی شیعەوە دەركرا بەبێ راوێژكردن لەگەڵ پێكهاتەی كوردو سوننەدا و ئێمە باوەڕمانوایە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا‌و هاوپەیمانان كارێكی پێویستە بۆ هەموو عێراق.

وتیشى، ئێمە پێشتر بە هێزەكانی سوریای دیموكراتیمان لە رۆژئاوای كوردستان وت پەیوەندی لەگەڵ پەكەكەدا بپچڕن، بەڵام ئەوان ئێستاش فەرمان لە پەكەكەوە وەردەگرن، بەهەرحاڵ دەبێت كارێك بكەن كە باوەڕ بە توركیا‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهێنن كە بەشێك نین لە ئەجێندای پەكەكە، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد،  ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا باشە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دیدارێكی باشی كرد رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا‌و بەردەوامیش دەبین لەو رێگایە.

سه‌رۆكى هه‌رێم، وتيشى، پێویستە توركیا سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بكات بۆ ئەوەی رۆڵ ببینێت لە دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی ئاشتی.

 

Back to top button