بارزانی و نەوشیروان، قسەی کۆتایی

ئاسۆ حاجی

لە بێباوەڕی نێوان هەردوو سەرکردە ئاڵۆزییەکان تەشەنەیان کرد و جارێکی دیکە دوو بەرەیی و دوو بەرەکی تۆخ کرایەوە، ئەوجارەشیان ئەگەر ئەوان دەست بۆ یەکتر درێژ نەکەنەوە بە دەیان کۆبوونەوەی دیکەش شتێک بە شتێک ناکرێ، خاڵی گەش کە لە پشت ئەو دەرگایانەی لە سەر ڕۆژنامەنووسانیش قەپات کران ئەوەیە کە بڕوا ناکەم ئەگەر بارزانی و نەوشیروان لە ڕیگای کەسانێک قسەیەکیان نەکردبێ ئەوها دابنیشنەوە، چونکە بەبێ قسەی ئەوان ئەنجامی نابێت.

نەوشیروان لە ماوەی ڕابردوو سەلماندی کە قسەی یەکەم لە سلێمانی ئەو دەیکات، بایکۆت و خۆنیشاندان و هێرشی میدیایی هەموویان یەک پەیامیان هەبوو بۆ بارزانی کە بەبێ من ناتوانن هەموو شتێک بکەن، جا گەیشتنی ئەو پەیامە لە سەر حیسابی ساڵێک لە دەستچوونی خوێندنی نزیکەی ملیۆنێک منداڵ بێت یان هەموو ڕۆژێ گرتنی شەقام و لێدوانی ئیستفزازی پەڕلەمانتارانی بەغدا بێت، یان نزیکبوونەوە لە دوژمنان تەنها لە پێناو تۆڵەکردنەوەیەکی سیاسیدا.

بارزانی ئێستا هەموو کارتەکانی لە بەر دەستە و تەنها ئەو دەتوانێ گرێکویرەکان بکاتەوە و سیحری دەستە دەرەکیەکان بەتاڵ بکاتەوە، لە هەمووشیان گرنگتر کارتی هەڵدانەوەی لاپەرەیەکی نوێ لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و دەرفەت پێدانی تا وەک سەرکەوتوویەک لایەنی کەم لە ناو هەوادارانی بگەڕێتەوە کوردستان و قبوڵکردنی نەوشیروان وەک کەسایەتیەکی کاریگەر دەکرێ بخرێتە خزمەت ئایندەی هەرێمی کوردستان کە لە باتی دژایەتی کردنی سەربەخۆیی کوردستان و پەرەدان بە داشۆرینی خەڵک لە گیانی وڵاتپارێزی و هەستی نەتەوایەتی هەروەها گەڕانەوە بۆ باوەشی دوژمنان و بانگکردنەوەیان بۆ قسەکردن لە سەر خۆڕادەستکردنەوە، بکرێنەوە دەنگێک کە سەرەتا دەرگای قوتابخانەکان بکاتەوە پاشان دەرگای پێکەوە کارکردن و هەماهەنگی کردن.

ئەو کارە بۆ بارزانی ئاسان نیە بە تایبەتیش ئەگەر دەوروبەرەکەی هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە بە تەنازول بزانن و ڕێگری لێ بکەن، هەروەها کارەکتەرەکانی دیکەی دەرەوەی گۆڕان و پارتیش بێگومان بە ئاسانی دەستبەرداری ئەجندای خۆیان نابن لە زیاتر قوڵکردنی گرفتەکان و گەورە کردنی کەلێنی نێوانیان بە تایبەتیش ئەگەر ئەوە خواستێکی هەرێمایەتی پاڵپشتی بکات و دەستی پێوە بگرێ.

نەوشیروان کە باش دەزانێ ئێستا بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا بەدیلی مەسعود بارزانی نیە و لە ڕێگای ئەو نەبێ شتێک دروست نابێت، بارزانیش تواناکانی نەوشیروان تێدەگات لەوەی ئەگەر نەتوانێ ڕێڕەوی پارتی و کارنامە نشتیمانیەکەی ڕابگرێ ئەوە دەتونێ کۆسپ دروست بکات، بۆیە لە ئێستادا هەقە پەند لە چیڕۆکی ژوژکەکانی پاولۆ کۆیلۆ وەرگرین کە دەنووسێ “له سەردەمی چاخی سەهۆڵیندا، چەندین گیانەوەر له سەرمادا مردن، ژوژکەکان بڕیاریاندا کۆببنەوه تا گەرم ببنەوه و خۆیان بپارێزن، بەڵام دڕکەکانیان لە یەکدی ڕادەچوون، بەو شێوەیە دووباره لێک جیابوونەوه، دیسان زۆریان لە سەرمان ڕەق بوونەوە، دەبوو بڕیارێک بدەن: یا له ناوچوون هەڵبژێرن، یان دڕکی یەکتر قبوڵبکەن، زۆر ژیرانه بڕیاریاندا جارێکی دیکە لەیەک کۆببنەوە و فێری ئەوه بن لەگەڵ برینەکانیان بژیێن، کە لە دڕکی براکانیان دروست بووە، چونکه کلیلی ژیانەوه ئەوەیه لەگەڵ یەکتردا گەرم بین.

Back to top button