بارسێلۆنا لەچەند کاتژمێری داهاتوودا گرێبەستێکی فەرمی ڕادەگەیەنێت

ڕۆژنامەیەکی کەتەلۆنی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا ئاشکرای کرد کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا یانەکە ئەنجامدانی گرێبەستێک بە شێوەیەکی فەرمی لەگەڵ یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاستی بەڕازیلی ڕادەگەیەنێت.

ڕۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی کەتەلۆنی ئاماژەی کردوە کە بارسێلۆنا هەموو شتێکی سەبارەت بە یاریزان (ماتیۆس فێرناندێز) ناوەڕاستکاری یانەی (پالمێراس)ی بەڕازیلی بەکۆتا هێناوە و لە چەند کاتژمێری داهاتوو بە فەرمی گرێبەستەکە ڕادەگەیەنرێت، بەگوێرەی هەواڵەکە بارسێلۆنا یاریزانەکەی بە 7 ملیۆن یۆرۆ کڕیوە و بڕیاری داوە دوای ڕاگەیاندنی گرێبەستەکە یاریزانەکە بە شێوەی خواستن بە یانەی سیلتا فیگۆ بدات، لەبەر ئەوەی بارسێلۆنا هیچ شوێنێکی بەتاڵی نییە تا یاریزانیکی دیکەی دەرەوەی ئەوروپا لە لیستی یاریزانانی تۆمار بکات، بۆیە یاریزانەکە دەداتە سیلتا فیگۆ تا کۆتایی وەرز بۆ ئەوەی ئەزموونی یاریکردن لە لیگا پەیدا بکات و خولەکی زیاتر یاری بکات.

جێی باسکردنە، ماتیۆس فێرناندێز، وەک شوێنگرەوەی (بۆسکێتس) دەبێت و کاری سەرەکی شکاندنی هیرشەکانی یانەی بەرانبەرە، باڵای یاریزانەکەش184 سم دەبێت و کێشی 67 کیلۆ دەبێت، پێشتریش لەگەڵ یانەی بۆتافاگۆی بەڕازیلی یاری کردوە.

Back to top button