سێ لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆن خۆخنکاندنی پێشمەرگەکەی یەکێتی گەیشتنە ئەنجامی کۆتایی

خۆخنکاندنی مەجید سیساوایی پێشمەرگەی یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە ناوزیندانێکی ئاسایشی هەولێردا بوو بە جێگەی گومان و دەرکردنی چەند ڕاگەیەندراوێک .
لەمبارەوە بە بڕیاری بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان ، سێ لیژنە لە پەرلەمانی کوردستان ، یەکێتی نشتیمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان ، ڕادەسپێردرێن بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر چۆن خنکاندن یا خۆ خنکاندنی مەجید سیساوایی.
بە پێی ئەو هەواڵەی کە تایبەتە بە ” دەزگای میدیایی خواکوڕک ” هەرسێک لیژنەکە لە دوای بە دوا داچوونێکی تایبەتدا ، گەیشتوون بەو ئاکامەی مەجید خۆی خنکاندووە و هیچ دەستێک لە پشت خنکاندنیەوە نەبووە .
وا بڕیارە هەرسێک لیژنە سەردانی ماڵباتی مەجید سیساوایی بکەن و قەناعەتیان پێ بێنن کە بۆخۆی بڕیاری خنکاندنی خۆی داوە .
جێگەی باسە مەجید سیساوایی پێشمەرگەی یەکێتی نشتیمانی بە تاوانی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە لە ئاسایشی هەولێر دەستبەسەر بووە ، بڕێکی زۆریش مادەی هۆشبەری لە کاتی دەستگیرکردنیدا پێ بووە