داڤۆس و كوردستان

پێم وایه‌ دیداری هه‌ر دوو سه‌ركرده‌ی كورد ، به‌ڕێزان سه‌رۆكی هه‌رێم كاك نێچیرڤان بارزانی و كاك د. به‌رهه‌م سالح سه‌رۆك كۆماری عێراق ڵه‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مریكا و ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی وڵاتان له‌ داڤۆس، ده‌بێت جێگای دڵخۆشی هه‌ر كوردێكی نیشتمانپه‌روه‌ر بێت و به‌ دور بێت له‌ ده‌مارگیری حزبایه‌تی یان ڕق و كینه‌ی كه‌سی.

ئه‌و دیدارانه‌ به‌رهه‌می خه‌باتی گه‌له‌كه‌مانه‌ و سه‌ربه‌رزییه‌ بۆ هه‌موومان كه‌ له‌ یه‌ك ڕۆژدا دوو سه‌ركرده‌ی كورد دیداریان له‌ گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی وڵاتاندا هه‌بێت، هه‌ر بۆیه‌ نابێت له‌ نوسینه‌كانمان و به‌ ده‌ستی خۆمان له‌و جۆره‌ سه‌ركه‌وتنه‌ سیاسی و دیپلۆماسیانه‌ كه‌م بكه‌ینه‌وه‌.

بێگومان كێشه‌كانی ئێمه‌ ته‌نیا به‌و دیدارانه‌ چاره‌سه‌ر نابن، به‌ڵام ئه‌و دیداره‌ ئاست به‌رزانه‌ ده‌رفه‌تێكی زێرین ده‌داته‌ گه‌له‌كه‌مان كه‌ سیاسه‌تمه‌دار و سه‌ركرده‌ و سه‌رۆكه‌كانی له‌ ئاستی باڵا كێشه‌كانی كوردستان و عێڕاق و ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌داره‌ مه‌زنه‌كانی جیهان له‌ دید و بۆچوونی خۆیان، به‌ دوورله‌ هه‌ر جۆره‌ توندڕه‌ویه‌ك و به‌ دیدێكی پڕاگماتیانه‌یه‌ باس بكه‌ن.

هه‌رێمی كوردستان سیاسه‌تێكی ژیرانه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێم له‌و ئاڵۆزییه‌ و قه‌یرانه‌ی كه‌ له‌ عێڕاق و ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌ گرتووه‌ته‌ به‌ر، هه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروست ڵه‌گه‌ڵ گشت لایه‌نه‌كان به‌ زیانی هه‌رێم ناشكێته‌وه‌ .

كێشه‌ی نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتری و له‌ گه‌ڵ زلهێزه‌كانیش له‌ بنه‌ڕه‌تدا هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ گه‌لی كورده‌وه‌ نیه‌ ، به‌ڵام ئه‌و كێشانه‌ نه‌ك ته‌نیا كاریگه‌ریان له‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ به‌ڵكوكاریگه‌ریان له‌ سه‌ر تێكڕای ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێت زۆر وریان بین توانای خۆمان بزانین ، نه‌ به‌ گرنگی پێدانی نێو ده‌وڵه‌تی وه‌كو نه‌ته‌وه‌ توشی غرور ببین و لایه‌نه‌كانی تریش استیفزاز بكه‌ین، نه‌ له‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی قه‌یرانه‌ نه‌خوازراوه‌كانیش توشی بێ هیوای ببین، ئێمه‌ خاوه‌ پرسێكی پیرۆز و له‌سه‌ر حه‌قین و گه‌ر به‌ خۆمان هۆكاری شكستمان نه‌بین هه‌ر سه‌ر ده‌كه‌وین.

هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر هه‌رێم زۆرن و جۆراو جۆرن ، به‌ یه‌كگرتوویی و وریاییه‌وه‌، ده‌توانین ڕێگه‌ نه‌ده‌ین پیلانی دوژمنان و نه‌یاران سه‌ر بكه‌وێت، هه‌روه‌ها ڕێگه‌ نه‌ده‌ین نه‌ گرژیه‌كانی ئێستای نێوان وڵاتان و نه‌ دۆستایه‌تی داهاتوویان له‌ سه‌ر حیسابی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌مان بێت .

با سه‌ركه‌وتنه‌كانمان له‌ هه‌ر بوارێكدا بن، سیاسی و دیپلۆماسی ، یان ئابوری و سه‌ربازی به‌ سه‌ركه‌وتنی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی دابنێین.

خوای گه‌وره‌ گه‌لی كوردستان له‌ هه‌موو مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كان و له‌ سه‌رووی هه‌موانیش له‌ نیفاق و دوژمنایه‌تی یه‌كتری بپارێزێت.

 

Back to top button