ئەمریکا : سیستەمی دژەموشەكی پاتریۆت لە عێراقدا جێگیر دەکات

بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)  رایدەگەیەنن، وڵاتەکەیان لە ئێستادا بڵاوەپێکردنی سیستەمی دژەموشەكی پاتریۆت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی واشنتن لە عێراقدا تاوتوێ دەکات.

لەو بارەیەوە بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاندوە، دوای هێرشەکانی ماوەی رابردوی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق کە بوە هۆی برینداربونی ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی، لە ئێستادا پنتاگۆن تاوتوێی بڵاوەپێکردنی سیستەمی دژەموشەكی پاتریۆت لە عێراقدا دەکات.

بەهێزکردنی پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق لە کاتێکدایە، رۆژی 5ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق بەبێ ئامادەبونی کورد و سونەکان، بە بەشداری سەرجەم فراکسیۆنە شیعییەکان بڕیار چونەدەرەوەی هێزە بیانییەکانی پەسەندکرد، ئەوەش دوا دو رۆژ هات لە کوژرانی هەر یەک لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە بۆردومانێکی ئەمریکییەکاندا لە بەغدا.

Back to top button