فەرماندەیەكی ئەمریكی هۆشداری دەدات لە هەرەسی سوپای عێراق
خواكوڕك
شەڕی موسڵ رۆژ لە رۆژ قورستر و كارەساتبارتر دەبێت و رۆژانە قوربانیەكانی سوپای عێراقی بەرز دەبێتەوە، فەرماندەیەكی هێزەكانی ئەمریكاش دەلێت قوربانیەكانی فرقەی زێرینی عێراقی لە سەدا 50 نزیك دەبێتەوە، دەلێت ئەگەر وا بروات فرقەی زێرین توانای بەردەوامی شەڕی لەدژی داعشی نامێنێت.
بەرپرسێكی باڵای پێنتاگۆن كە رۆژانە راپۆرتی جەنگی موسڵی بەدەست دەگات، بۆ گۆڤارە ئەمریكییەكەی ئاشكرا كردووە كە جەنگی موسڵ هێندە قورس بووە “ژمارەی قوربانیانی فیرقەی زێڕین لە 50٪ی هێزەكە نزیك بووەتەوە. ئەگەر ئەم رێژەی قوربانییەش بەردەوام بێت، رەنگە لە ماوەی یەك مانگدا یان كەمتریش فیرقەی زێڕین ببێتە هێزێك كە توانای جەنگی نەماوە”.
بەڵام لەبەرامبەردا لیوا مەعن رەتیكردەوە 50%ی هێزەكەیان بووبنە قوربانی “ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەكانی ئێمە راستە بەهۆی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو لەنێو چوون، بەڵام ئۆتۆمبێلی زرێپۆشكراوی نوێ بۆ ئێمە هاتوون تاوەكو بەردەوام بین لە شەڕ. دەتوانم بڵێم 10% ئۆتۆمبێلەكانمان لەنێوچوون”.
هەروەها ئەو لیوایە دەلێت شەڕی موسڵ لەسەرخۆ نەبووە، بەڵكو پلانەكەمان گۆڕیوە. ئێستا بەردەوام لە رووی شەڕكەرەوە ئەوانەی لە شەڕ لەدەستی دەدەین، شەڕكەری نوێ بۆ ئێمە دێ و بڕیارە بەم نزیكانە ژمارەیەكی زۆری شەڕكەری دیكە بگەنە موسڵ كە خولی راهێنانی باشیان بینیوە، ژمارەی ئەو شەڕكەرانەی لەماوەی یەك هەفتەی دیكە دەگەنە فیرقەی زێڕین و بەشداریی خولی راهێنانی شەڕی نێو شاریان كردووە، 353 شەڕكەرن. بەڵام لەبەر ئەوەی شەڕی موسڵ درێژە دەكێشێ و ئەمەش پێویستی بە توانای مرۆیی هەیە، بۆیە لە سەرەتای ساڵی 2017 خولێكی نوێ دەكرێتەوە و 446 شەڕكەری دیكەی فیرقەی زێڕین لەو خولە بەشداری دەكەن و خولەكەش دوو مانگ دەخایێنێ.
شارەزایانی سەربازی دەلێن شەڕی موسڵ قورسە بەڵام بێ ئامانجی سیاسیش نیە، من وا هەست دەكەم دەسەڵاتدارانی عێراق نەك حكومەت، دەیانەوێت سوپای عێراقی لە شەڕی موسڵ بەجارێك وێران بێت، توانای شەڕی داعشی نەمێنێت، هەرچەند ئەمە پشتراستكراوە نیە، بەڵام بابۆ هەمووڵایەك روون بێت لەناو چوونی فرقەی زێرین، یەكسانە بە تەدمیر بوونی سوپای عێراقی و ئەوكاتەش حشدی شەعبی بەدیلی دەبێت كە بێگومان حشدی شەعبیشی ئەجندای سەربازی جیاوازی هەیە لە سوپای عێراقی، بۆیە ئەگەر زوو بەفریای سوپای عێراقی نەكەون و توانای سوپا بەم شێوەیە لاواز بێت ئەوە بێگومان سوپای عێراقی لە هەرەس نزیك دەبێتەوە.