هه‌موو شتێك له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان فراكسیۆنه‌ عێراقیه‌كان و حكومه‌تی هه‌ریم

خواكوڕك

ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ كۆبوونه‌وی نێوان سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌ كورده‌كانی په‌رله‌مانی عێراق و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی لێژنه‌ی دارایی له‌په‌رمانی عێراق، له‌باره‌ی پرسی یاسای بووجه‌ی 2017ی عێراق به‌ڕێوه‌چوو، له‌ ئێستاشدا كۆبوونه‌وه‌كه‌ بێ هیچ ئه‌نجامێك كۆتایی هات.

سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ خواكوڕكی راگه‌یاند، له‌سه‌ره‌تادا هه‌رچوار فراكسیۆنی یه‌كێتی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو به‌خوێندنه‌وه‌ی پاكێجی ئاماده‌كراو له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوو رۆژی رابردوویان حوێندۆته‌وه‌ و ئه‌جێندای خۆیان بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم خستۆته‌ڕوو.

به‌پێی زانیاری ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تدا سه‌رجه‌م زانیاریه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌باره‌ی ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێداویستیه‌كانی بووجه‌ی ته‌شغیلی و ئه‌و كرێی و قه‌رزانه‌ی پێویسته‌ بدرێته‌ كۆمپانیاكانی نه‌وت، خرایه‌ به‌رده‌ستی سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان.

هه‌ربه‌پێی زانیاریه‌كان، دوای بینینی ئه‌و داتایانه‌ ماوه‌یه‌ك سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان بێ ده‌نگ بوون، دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ته‌وه‌ پییانگوتراوه‌، هیوادارم له‌ ئێمه‌ تێگه‌یشتبن و چیتر دژایه‌تی حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌ی گه‌ل و خه‌ڵكی خۆتان نه‌كه‌ن.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌شڵێت، پاشان یه‌كێك له‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان، كه‌ناوه‌كه‌ی لای ئێمه‌ پارێزراوه‌، گووتوویه‌تی، ئێمه‌ تازه‌ موژده‌مان به‌ جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵكی خۆمان داوه‌ و ناتوانین له‌ ده‌نگدان و بڕیاره‌كه‌مان په‌شیمان ببینه‌وه‌، بۆیه‌ باشتره‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌بێ ده‌نگی تێبپه‌ڕێنرێت.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان داوایان له‌ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت كردووه‌ كه‌ ئه‌وانیش پشگیری پابه‌ند نه‌بوونی حكومه‌ت ده‌كه‌ن به‌  یاساكه‌وه‌، و چیتر له‌ راگه‌یانراوه‌كان و له‌ عێراقیش باسی یاسای بووحه‌ ناكه‌ن، به‌مه‌رجێك حكومه‌ت چاو له‌و ده‌نگدانه‌ی ئه‌وان بپۆشێت و به‌بێ ده‌نگی ئه‌م پرسه‌ تێبپه‌ڕێنێت.

له‌ كۆتاییدا ده‌شڵێت، سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان له‌ تۆنی قسه‌كانیان په‌شیمانی به‌ كاره‌كانیانه‌وه‌ دیاربوو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ ئیعلامیه‌ی له‌ شه‌قام و تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دروستیان كردبوو، سووڕبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌بێ هیچ راگه‌یانراوێك كۆتایی پێ بهێنرێت.

Back to top button