هۆشیار زێباری: مووشه‌كبارانی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا یارییه‌كی مه‌ترسیداره

هۆشیار زێباری وه‌زیری دارایی پێشووی عێراق و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، له تویته‌ری خۆی له‌باره‌ی ئه‌و پێشهاته‌وه نووسیویه‌تی، كه‌وتنه‌وه‌ی مووشه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌ی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه یارییه‌كی زۆر مه‌ترسیداره و گرووپه‌كانی ده‌رچوو له ژێر ده‌ستی حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌ت به‌رپرسن له‌م كاره‌دا.
ئاماژه‌ی داوه، كه كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر له باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و زیانی مادی زۆر به‌ر چێشتخانه‌ی باڵوێزخانه‌كه پێشهاتێكی مه‌ترسیداره، دۆخه‌كه به‌ره‌و كێشه‌ی ئاڵۆزتر ده‌بات و پێویسته ده‌ست به‌جێ لێكۆڵینه‌وه بكرێ و ئه‌م پێشێلكارییانه بوه‌ستێنرێن.
دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو پێنج مووشه‌ك ئاراسته‌ی ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا كران و سێ له‌و مووشه‌كانه له باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا كه‌وتنه خواره‌وه و ڕێستۆرانتی باڵوێزخانه‌كه‌یان سووتاند و سه‌رچاوه‌كانیش باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه قوربانی له ئه‌نجامی كه‌وتنه خواره‌وه‌ی ئه‌و مووشه‌كانه كه‌وتووه‌ته‌وه.