ژماره‌یه‌ك پاسپۆرت له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر توانیویانە دەست بەسەر 22 پاسپۆرتدا بگرن و بە بڕیاری دادوەر تۆمەتبارێكیش دەستگیر بكەن.

دلێر نەجات، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێكدا بە میدیاكانی راگەیاند: پاش ئەوەی زانیارییان دەست كەوت كە 22 پاسپۆرت گومانیان لێ دەكرێت، دەستبەجێ تیمە تایبەتەكانیان دەستیان بە لێكۆڵینەوە و چاودێریی ورد كرد و توانرا هەر 22 پاسپۆرتەكە دەستیان بەسەردا بگیرێت.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، پاسپۆرتەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەستیان بەسەردا گیراوە و تۆمەتبارێكیش بە ناوی (ر. ر. ك) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 299 لە یاسای سزادان دەستگیر كراوە، هەروەها بە گوێرەی ماددەكانی (289) و (298) بڕیاری دەستگیركردن بۆ تۆمەتبارێكی دیكە بە ناوی (ب.ر.ك) دەرچووە، كە لە دەرەوەی وڵاتە و هەردووكیان ویستوویانە بە شێوەیەكی نایاسایی مامەڵە بەو پاسپۆرتانەوە بكەن.

عەمید دلێر نەجات، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم مەبەستە كراوەتەوە و لێپێچینەوە بەردەوامە.

Back to top button