مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی “رێککەوتننامەی سەدە” راگەیاند
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی “رێککەوتنامەی سەدە” راگەیاند و دەڵێت، ئەو بڕیارە گاڵتەکردنە بە هەست و سۆزی هەزاران مسوڵمان.
نوسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی “رێککەوتنامەی سەدە” دەبڕی کە شاری قودسی وەك بەشێك لە دەوڵەتی ئیسڕائیل دەستنیشانکردوە و رایگەیاند، ئەو بڕیارە رەتکراوە و ئیدانەکراوە، خراپەی بەرامبەر هەستی هەزاران ملیۆن عەرەب و مسوڵمان کردوە.
دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پلانی ئاشتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی فەڵەستین و ئیسرائیل راگەیاند، کە لە ژێر ناوی “رێککەوتننامەی سەدە” بڵاویکردەوە.
بەپێی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ، قودس وەک پایتەختی “بەشنەکراو”ی ئیسرائیل قبوڵدەکرێت، لەبارەی سنورەکانی دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئۆرشەلیم دەبێتە پایتەختی ئیسرائیل و رۆژهەڵاتی قودسیش دەبێتە پایتەختی دەوڵەتێکی فەلەستینی.