جێمس جێفری: له‌گه‌ڵ عێراق كۆده‌بینه‌وه‌ بۆ پرسی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا

 

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند، ئەمریکا چاوەڕوانە بە زوترین کات لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کوبێتەوە، بۆ گفتوگۆکردن سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی هێزەکانی ووڵاته‌كه‌ی لە عێراق.

بەپێی هه‌واڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ چوارشەممە جێمس جێفری، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئەمریکا چاوەڕوانە بە زوترین کات لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کوبێتەوە، بۆ گفتوگۆکردن ده‌رباره‌ی مانەوەی هێزەکانیان لە عیراق.

رۆژی پێنجی ئه‌م مانگه‌، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبونی سه‌د و شه‌ست و هه‌شت پەرلەمانتاری فراکسیۆنی شیعەکان و بەبێ ئامادەبونی كورد و سوننه‌ یاسای دەركردنی هێزە بیانیەكانی لەعێراق پەسەندكرد. ئه‌و بڕیاره‌ش كاردانه‌وه‌ی به‌رپرسانی ئه‌مریكای لێکەوتەوە و هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی سزاو گه‌مارۆی ئابوریان به‌سه‌ر عێراقدا كرد ئه‌گه‌ر هێزه‌كانیان بكرێنه‌ ده‌ره‌وه‌.

 

جێفری ئاماژەی بەوەشکرد، ئه‌ركی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له‌ عێراق كۆتایی نه‌هاتووه‌ ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ بڕات توندوتیژی سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌.

Back to top button