بێگەرد تاڵەبانی: مژدە بە جوتیاران دەدات

وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت “دوو هەفتەی داهاتوو وەفدێكی وەزارەت سەردانی بەغدا دەكات تایبەت بە خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جوتیاران”.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 30ی كانونی دووەمی 2020، بێگەرد تاڵەبانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند” وەزارەتی كشتوكاڵ هەوڵی جدی داوە بۆ خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جوتیاران، بۆ ئەو مەبەستەش لەداهاتوودا وەفدێكمان دەچێتە بەغداو لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق و وەزارەتی  سەرچاوە ئاویەكان كۆدەبنەوە”.

لەبارەی كڕینەوەی بەرهەمی جوتیارانیش لەلایەن حكومەتی هەرێم وتی :”ئێمە لەهەرێمی كوردستان پرۆژەیەكمان ئامادەكردووە و بۆ ئەنجومەنی وەزیرانمان ناردووە، پرۆژەكە پەسەند كراوە، لەچەند رۆژی رابردوودا كۆبونەوەیەك كراوە بۆ ئەوەی میكانیزمی جێبەجێكردنی پرۆژەكە ئامادە بكرێت و بخرێتە بواری جێبەجێكرنەوە”.

ئاماژەی بەوەشدا چەند ئەگەرێك خراونەتە بەردەم حكومەت، چاوەڕواندەكرێت دوان لەو ئەگەرانە پەسەند بكرێن، یەكێك لەئەگەرەكانیش ئەوەیە هەماهەنگی كەرتی گشتی و تایبەتە بۆ ئەوەی بەشێوازێك بتوانن ئەو گەنمەی لەدەرەوەی وەرگرتن دەمێنێتەوە لەسایلۆكان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە حكومەتی هەرێم بەهاوبەشی بیكڕنەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی عێراق 557 ملیار دینار لەشایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێمی بۆ ساڵەكانی 2014،2015، 2016،2017ی نەداوە، ئەمڕۆ شەرلەمانی كوردستان لەسەر هەمان پرس كۆدەبێتەوە.

 

Back to top button