هەموو بڕیارەكانی راكان جبوری پارێزگاری كەركووك هەڵدەوەشێندرێتەوە

سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رایده‌گه‌ێنێت، ئەو لیژنەی لە نێوان هەرێم و بەغدا دروست كراوە، دوو كێشە چارەسەر دەكات، كە بریتین لەوەی بڕیارەكانی پارێزگاری كەركووك هەڵدەوەشێندرێنەوە لەگەڵ بڕیارەكانی سەركردایەتیی شۆڕشی رژێمی بەعس.

فارس عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا راشیده‌گه‌ێنێت، شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان  بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانییەكان سەردانی بەغدای كرد و، لەگەڵ لایەنەكانی بەغدا و سەرۆككۆمار كۆبوونەوە، چونكە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر ستەمی زۆر لە كورد كراوە و تەعریبی زۆریش كراوە، بۆیە ئەو سەردانە زۆر ئەرێنی و سەركەوتووش بوو.

عیسا ده‌شڵێت، لەو كۆبوونەوانە بڕیار درا كە لیژنەی هاوبەش لە نێوان هەرێم و بەغدا دروست بكرێن و كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەی سەركردایەتی شۆڕشی رژێمی بەعس بكەن و ئەو زەویانەی لە كوردیش وەرگیراون، بۆ كوردیان بگەڕێننەوە.

ناوبراو روونیشی كردەوە، ئەو لیژنانە كار دەكەن لە رێگەی یاساوە ئەو بڕیارانەی كە سەردەمی رژێمی بەعس دەركراون، هەموویان هەڵوەشێننەوە.

باسی لەوەش كرد، بەم دواییانە چەندین بڕیار لەلایەن پارێزگاری كەركووك دژی كورد دراون و هەروەها چەندین عەرەبیش هاوردە كراون و بڕیاریان بۆ دەركراوە، بۆیە هەموو ئەمانە رادەگیرێن و كاریان پێ ناكرێت.

 

Back to top button