ئەمریکا  ناوەندی وزەی ئەتۆمی ئێران وبەرپرسەکەی خستە لیستی گەمارۆکانی خۆیەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناوەندی وزەی ئەتۆمی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆتازەکانی خۆیەوەو ناوی عەلی ئەکبەر ساڵحی ، بەرپرسی ئەو ناوەندەشی خستە لیستی گەمارۆی کەسایەتیەکان ، هاوکات وتەبێژی ناوەندی ئەتۆمی ئێران لەمبارەوە دەڵێت ئەوە گەمەیەکی سیاسییەوە ئەمریکا لە بەر شکستی خۆی ئەم بڕیارەی دەرکردووە .

 

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ناوەندی وزەی ئەتۆمی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانەوە ، برایان هۆک بەرپرسی کەیسی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت هۆکاری سەپاندنی ئەو گەمارۆیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێران بەردەوام دەیەوێت لە ڕێگای پرسی ئەتۆمیەوە ئاژاوە بنێتەوە .

 

لەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکادا هاتووە ، کۆمپانیاکانی ئەمریکی بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە هاوکاری ناوەندی وزەی ئەتۆمی ئێران و بەرپرسی سەرەکی ئەو ناوەندە واتە عەلی ئەکبەر ساڵحی بکەن ، لە ئەگەری لادان لەو یاسایە رووبەڕووی سزای توند دەبنەوە .

Back to top button