دلاوەر عەلائەدین: ڤایرۆسى كۆرۆنا بەو ئاستە كوشندە نیە كە خەڵك لێی دەترسێ

پڕۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین، ئاماژە بە مەترسى و چارەسەر و هۆکارەکانى بڵاوبونەوە و خۆپاراستن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا دەکات و رایدەگەیەنێت، كۆرۆنا ڤایرۆس بەو ئاستە كوشندە نیە كە خەڵك لێی دەترسێ، دەشڵێت:  “ڤایرۆسەكە زۆر بڕ ناكات و لە كۆتاییدا بە رێگەی جیاوازەوە رێگەی لێ دەگیردرێت”.

كۆرۆنا ڤایرۆس چیە؟
كۆرۆنا یەكێكە لە دەیان جۆرە ڤایرۆس، لە بەكتریا زۆر جیاوازن، بۆیەش بە ئەنتی بایۆتیك ناكوژرێن.
پێی دەگوترێ كۆرۆنا، چونكە لە ژێر میكرۆسكۆپی ئەلیكرتۆنیدا شێوەكەی لە تاج دەچێ.

كۆرۆنا چەند جۆرێكی هەیە و نەخۆشی جۆراوجۆر لە مرۆڤ و گیانەوەرانی دیكە پەیدا دەكەن، بەڵام ئەوەی ئێستا كە رەنگە لە گیانلەبەرانی دیكە بەربڵاو بووبێ، بەڵام بازی داوەتە نێو مرۆڤ، واتە مرۆڤ یەكەم جارە تووشی دەبێ و هێشتا بەرهەڵستی سروشتی لەنێو كۆمەڵگادا پەیدا نەبووە.

تا چەند كوشندەیە؟
كۆرۆنا ڤایرۆس بەو ئاستە كوشندە نیە كە خەڵك لێی دەترسێ.
زۆرینەی خەڵك بە تایبەتی لاوان و ئەوانەی لەشساغن، كە تووش دەبن، رەنگە هەستی پێنەكەن، یان نەخۆشیەكی سووك دەیانگرێ و چاك دەبنەوە، بەبێ ئەوەی بزانن كۆرۆنا بووە.

كەمینەیەكی بچووك بە هۆكاری جیاواز نەخۆشیەكە بە قورسی دەگرن و لە نێو ئەوانیشدا كەمینەیەكی زۆر بچووكتر دەمرن، لە نێو ئەوانەشدا خەڵكی پیر و ئەوانەی كۆئەندامە هەناویەكانی لەشیان باش كار ناكات، چانسی چاكبوونەوەیان كەمترە. نیوە زیاتری نەخۆشەكانی بە قورسی گرتوویانە، تەمەنیان لە سەرووی شەست ساڵیەوە بووە.

چارەسەری كاریگەر لە ئارادا نیە، بەڵام جیاكردنەوەی نەخۆش و ئۆكسجین و چارەسەری دەرهاویشتەكانی لە كەشی ناو نەخۆشخانەیەكی مۆدێرندا پێویستن.

چۆن بڵاو دەبێتەوە؟

ڤایرۆسەكە لە سیپەلاك و بۆڕییەكانی هەناسەدایە، لەگەڵ هەناسەدان، قسەكردن، كۆخە، پژمین دەپڕژێتە دەوروبەر.

ماوەی چەند رۆژێك هەتا دوو هەفتەی پێدەچێ هەتا نیشانەی نەخۆشی لە نەخۆشێكی نوێدا بەدەردەكەوێ. كێشە ئەوەیە كە زۆربەی هەڵگرانی ڤایرۆس ئاگایان لێ نیە كە دەیگرن و پێش ئەوەی نیشانەكانی نەخۆشیەكەیان لێ هەڵبدات، بڵاوی دەكەنەوە.

بۆچی لە چین سەری هەڵداوە؟
چونكە ژمارەی دانیشتوانی زۆرە و خەڵك و باڵندە و ئاژەڵ و گیانەوەری دیكە زۆر لەیەكەوە نزیكن، جا لە رێگەی بەخێوكردنەوە بێ ویان خواردنی ئەو جۆرە گیانەوەرانە.

زۆر لە ڤایرۆسە كوشندە و درمەكانی پێشووش هەر لەوێ سەریان هەڵداوە.

ئەوجارەش نیوەی نەخۆشەكانی مانگی دیسەمبەر پەیوەندییەكیان بە ماركێتی گیانەوەران یان خواردنی گیانەوەری ئاوی هەبووە.

ڤایرۆسەكە تا چەند بڕ دەكات و مرۆڤایەتی لە مەترسیدایە؟
ڤایرۆسەكە زۆر بڕ ناكات و لە كۆتاییدا بە رێگەی جیاوازەوە رێگەی لێ دەگیرێت، بۆیە مرۆڤایەتی لە مەترسیدا نیە. لە ئێستادا هەتا دۆزینەوەی ڤاكسین یان چارەسەر، باشترە خۆت بپارێزی.

دوور بكەوە لەوانەی نەخۆشن، پاكوخاوێنی و دەستشووشتن گرنگن. كە تێكەڵاوی خەڵكت كرد، هەوڵ بدە دەست لە دەم و لوت و چاوت مەدە. لە جیاتیان كلینیكس بۆ ئەو مەبەستانە بەكار بهێنە، هەتا ئەو كاتەی دەست دەشۆیت، یان تەعقیمی دەكەیت.

خەڵك ماچكردن، تۆقەكردن باش نین. تێكەڵاوی خەڵكی زۆر لە ژووری داخراوی بچووكدا باش نیە.

لە كاتی تێكەڵبوون، هەناسەی بەرامبەر هەڵمەمژە، تۆزێك دوورەپەرێز بە، بەتایبەتی خۆت لەوانە بپارێزە كە دەكۆخن و دەپژمن.

لەشساغی، ئاو خواردنەوە، خواردنی باش، وەرزش، چوونە بەر هەوای فرێش، هەموویان هاوكاریت دەكەن.

Back to top button