وه‌زیری په‌روه‌رده‌ : ئەو مامۆستایەی کە بە هەڵە و بە تۆمەتی کوشتن دەستگیرکرابوو ئازادکرا

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بە هەڵە و بە تۆمەتێکی کوشتن دەستگیرکرابوو ئەمڕۆ ئازاد کرا.

عەلی عەبدوڵڵا کە گەنجێکی تەمەن ٣٠ ساڵە و لە سنووری شارۆچکەی چۆمان مامۆستایە چەند ڕۆژێکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە، ئەویش بەو هۆیەی کە ناوەکەی وەکو ناوی کەسێکی تۆمەتبارەکە کە ٢٥ ساڵ پێش ئێستا لە شاری کۆیە کەسێکی کوشتووە و ناوی لە نێو داواکراوانی پۆلیس بووە.

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەواڵی ئازادکردنی ئەو مامۆستایەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەیتی “ئەمڕۆ ، ۳۱ ی ۱ ، پاش پەیوەندیکردن بە وەزیری ناوخۆ ، رێبەر ئەحمەد ، و فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر و عەمید دلێر بەڕێوبەری پۆلیسی کۆیە و مامۆستا شەهێن بەڕێوبەری پەروەردەی کۆیە ، دواجار بەفەرمانی وەزیری ناوخۆ بریاردرا کە مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا ئەحمەد ، کە بەهۆی لێکچوونی ناوەکەی لەگەڵ ناوی کەسێکی دیکە کە فەرمانی گرتنی هەیە بە ماددەی ٤۰٦ ی یاسای سزادانی عێراقی ، رێککاری پێویست بۆ ئازادکردنی بگیرێتەبەر.

نووسیویەتیشی، سوپاس بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی ناویان هاتووە ، سوپاس بۆ مامۆستا شەهێن بەرێوبەری پەروەردەی کۆیە کە رامانسپارد بەدواداچوون بکات و کاری پێویستی ئەنجامدا و لە ڕێگای تەلەفۆنی بەڕێزیانەوە قسەم لەگەڵ مامۆستا عەلی کرد و لەهەواڵیم پرسی سوپاس بۆ بەڕێز دادوەر کە ئامادەبوو دۆسیەکەی لەپۆلیس بۆ رەوانەبکرێت بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ئازادی بکات.

Back to top button