سەرۆكی حكوومەت چەند كێشەیەكی ئەستەم لە ئەستۆ دەگرێت

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم پێداویستییەكانی ماڵی ژنانی هەڕەشە لێكراو لە ئەستۆ دەگرێت و چەند كەیسێكی گرنگ چارەسەر دەكات كە چارەسەركردنیان ئەستەم بوو.

 

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەولێر، یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر ڕای گەیاندووە، دوای ئەوەی لە ٢٥ی تشرینی دووەمی 2019، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەردانێكی مەیدانیدا ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێكراوی لە هەولێر بەسەر كردەوە، لە لایەن ئیدارەی ماڵەكەوە كۆمەڵێك داواكاری پێشكەش كران.

ئەوەشی روونکردووەتەوە کە داواکارییەکان تەنیا بۆ هەولێر نەبووە، بەڵکوو بۆ ماڵی داڵدەدانی ئافرەتان لە پارێزگاكانی دیکەش بووە و سەرجەم داواکارییەکانیش بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەت جێبەجێ كران کە بریتی بوون لە زیادكردنی پێشینەی بەردەوامی مانگانە، دابینكردنی ژمارەیەكی زیاتری پاسەوان، دابینكردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ گواستنەوەی كەیسەكان لەگەڵ دابینكردنی مۆلیدەی كارەبا بۆیان، هەروەها چارەسەری كێشەی چەند ئافرەتێك كە چارەسەركردنیان زۆر ئەستەم بووە.

یوسف چاوشین بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەولێر زۆر سوپاسی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی کردووە، بۆ گرنگیدان بە داواكارییەكان و دابینكردنی پێداویستییەکانیان.

لە سەردانەکەیدا بۆ ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو لە هەولێر، مەسرور بارزانی رای گەیاند کە لە جیاتی ئەوەی وتارێک لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژنان پێشکەش بکات، ئەو پێی باش بووە سەردانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو بکات و لە نزیکەوە لە بارودۆخیان بکۆڵێتەوە.

Back to top button