فارس عیسا: لەم هەفتەیە شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات
وێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رایدەگەیەنێت كە بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات لەبارەی چەند پرسێكی گرنگ پێوەست بە جووتیارانی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ بكات.
فارس عیسا نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، لەبارەی پرسی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی پارەی سێ ساڵی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان كە دوای چوار ساڵ تا ئێستە بەغدا نەیناردووە، شاندێك سەردانی بەغدا دەكات.
عیسا زیاتر گوتی، شاندەكە لەبارەی پرسی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ و پلانی بەغدا بۆ وەرگرتنی گەنم لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان و وەزارەتی بازرگانی عێراق كۆ دەبنەوە و ئەو سەردانەیش گرنگ دەبێت و بەغدا پارەی سێ ساڵی جووتیاران قەرزدارە و پێویستە بەبێ هیچ مەرج و بەستنەوەی بابەتەكە بە دۆخی تر، ئەو پارەیە ڕەوانە بكات.
هەروەها گوتی، وەفدەكە پێكدێن لەبێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كە سەرۆكایەتی لیژنەكە دەكات لەگەڵ چەند كەسێكی تری حكومی كە یاوەری دەكەن.