موقتەدا سەدر لە بەیاننامەكەیدا “خۆی بە درۆ خستۆتەوە”

دوێنێ پاش دیاریكردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، موقتەدا سەدر بەیاننامەیەكی پشتگیری بڵاو كردەوە و رایگەیاند كە ناوبر او گەل دایناوە نەك كوتلە سیاسییەكان.

موقتەدا سەدر لە بەشی سەرەوەی بەیاننامەكەیدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی كردەوە دەڵێت “مێژووی عیراق تۆماری دەكات كە گەل بوو سەرۆكوەزیرانی هەڵبژارد نەك كوتلە سیاسییەكان”، بەڵام لە بەشی خوارەوە رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت “هیوادارم راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە، بەلای گەلەوە پەسەند بێت و پێی رازی بن”.

بەو جۆرە خۆپیشاندەران و نارازیان پێیان وایە كە سەدر دوو فاقیانە قسە دەكات لە كاتێكدا دەڵێت گەل هەڵی بژاردووە، پاشان دەڵێت هوادارم گەل ئەم بەربژێرە پەسەند بكەن.

شەوی رابردوو محەمەد تۆفیق عەلاوی بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق دەستنیشانكرا، بەڵام دەستنیانكردنی نەبووە جێی رەزامەندی خۆپیشاندەران و رایانگەیاند كە بەردەوام دەبن لەسەر خۆپیشاندان.

 

Back to top button