ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی حكوومەت و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرا كرا
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی حكوومەت و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، باس لە دۆخی ناوچەكە و عێراق دەكرێت كە ناسەقامگیرە و داهاتوویەكی نادیار لە پێشە.
رێبەری ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر كۆ دەبنەوە و كۆبوونەوەیەكی ئاسایی دەبێت، باس لە دۆخی ناوچەكە و عێراق دەكرێت كە ناسەقامگیرە و داهاتوویەكی نادیار لە پێشە.
وەزیری ناوخۆ گوتی، پرسی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق و دروستكردنی كابینەیەكی نوێی عێراق، تەوەرێكی كۆبوونەوەكە دەبێت
لەبارەی پرسی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، ڕێبەر ئەحمەد گوتی: بێگومان بەبێ لەبەرچاوگرتنی سەنگی هەموو پێکهاتەکان ناکرێت، هەنگاو هەڵبگیریرێت، چونکە ئەگەر بێت و هەر پێکهاتەیەک پشتگوێ بخرێت، ئاسەواری باشی نابێت و ئەو سەرۆک وەزیرانە ناتوانێ تەعبیر لە هەموو عێراقییەکان بکات، ئەگەر بێت و ڕا و دەنگی هەموو عێراقییەکانی لەسەر نەبێت.