روونکردنەوەیەک لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە بارەی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی
نووسینگهی راگهیاندنی سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، روونكردنهوهیهكی له بارهی پڕۆژهی شهقامی 100 مهتری سلێمانی بڵاوكردهوه.
دهقی روونكردنهوهكه
لەم ماوەیەدا زۆر کەس و لایەن زۆر بە ناشارەزایی و بە بێ زانیاریی، لە چوارچێوەی موزایەدەکردن، بابەتی پرۆژەی شەقامی سەد مەتریی سلێمانییان خستووەتە بەر باس و گفتوگۆ و بەداخەوەش تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجێکی چەواشەکارانە لە پشت ئەم هەوڵانە هەیە.
هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان و بە تایبەتی شاری هەڵمەت و قوربانی ئاگادار دەکەینەوە، کە حکومەتی هەرێم بە ڕەچاوکردنی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان تا ئێستا تەنیا ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە داوە کە بە رێژەی زیاتر لە 75% ( بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان ) جێبەجێ کراون. بۆیە تا ئێستا حکومەت نەپڕژاوەتە سەر ئەو پرۆژانەی کە ڕیژەی جێبەجێکردنیان لە ژێر ڕێژەی ئاماژەپێکراودایە، بەڵام لە هەمانکاتدا لێژنەیەکی باڵا و پسپۆری حکومەت سەرقاڵی پێداچوونەوە و ئامادەکاری کردنە بۆ دەستپێکردنی هەندێک پڕۆژەی ستراتیژی کە پڕۆژەی شەقامی سەد مەتریی سلێمانیش لەناو ئەو پرۆژانەیە.
داواکاریی سەرەکیی هاووڵاتیانی کوردستان هەمیشە چاکسازی و شەفافیەت بووە، بۆیە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ هەموو گرێبەستەکان دەکرێت لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان بن تاکو سامانی نیشتیمان لە بەرژەوەندیی هیچ کەس و لایەنێک بە هەدەر نەدرێت. حکومەتی هەرێم خزمەتگوزارییەکانی بەبێ جیاوازی دەگەیەنێتە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتیانمان لە سلێمانی شایەنی باشترین و شایستەترین خزمەتگوزارین و لە چەند مانگی ڕابردووشدا بڕیارمان لە سەر جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەلەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین داوە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا دەست بە جێبەجێ کردنی پرۆژەی سەد مەتریی سلێمانی دەکرێت بە جۆرێک کە سامانی هاوولاتیانی سلێمانی بە شیوەیەکی کارا و بەجێ بۆ خزمەتی خۆیان بخرێتە کار، لە پرۆسەی پێداچوونەوەی پرۆژەکانی سلێمانیش ھەر گوژمەیەک بمێنێتەوە ھەر لەو سنوورە بۆ پرۆژەی دیکە خەرج دەکرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/2/4