وڵامێک لە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان
لە ڕاپۆرتێکدا رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی پێشێلکاری بەرامبەر بە منداڵان دەکات کە هێزە عێراقیەکان و هێزەکانی پێشمەرگە ە داعش ئەنجامیان داوەو ٣٤ منداڵیان کوشتووە ، بەڵام بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە توندی ئەو هەواڵە ڕەت دەکاتەوەو بە تۆمەتی ناو دەبات .
لەمبارەوە سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت ئەو ڕاپۆرتە بێسەربەرەیی زۆری پێوە دیارە و پێشێلکاریەکانی داعشی لە گەل هێزی پێشمەرگە تێکەڵ کردووە .
سەربەست لەزگین هەروەها گووتی ، هیچ پێشمەرگەیەک لە خوارووی ١٨ ساڵ لە ناو هێزەکانی پێشمەرگە بوونی نییە و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمەتی ئاراستەی هێزی پێشمەرگە کردووە ، چوونکە هێزی پێشمەرگە لە سەردەمی شاخیشدا لاوانی خوار ١٨ ساڵی چەکدار نەکردووە .
هاوکات داوا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت لەمبارەوە بەڵگەکانی بخاتە ڕوو ، چوونکە ئێمە تەنانەت بێڕزیمان بە دیلەکانی داعشیش نەکردووە .