سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنەکەی فرانس 24 چۆنی وڵام داوەتە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنەکەی فرانس 24 چۆنی وڵام داوەتە

 

لە چاوپێکەوتنی فڕانس 24 دا کە لە گەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە ، چەندین کاردانەوەی لێکەوتە ، بەشێک لە کاردانەوەکان ، خۆیان لە چەواشەکاری میدیایی و ئیدەیتی ڤیدیۆی چاوپێکەوتنەکەدا دەدیتەوە ، بۆیەش پێویستە وەک ئەرکی میدیایەکی دوور لە چەواشە و لە هەمانکتدا پێدا هەڵدان با دەقی چاوپێکەوتنەکەی فرانس 24  و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بڵاو بکەینەوە ، بێ ئەوەی تەنانەت یەک وشە کەم و زیاد کرابێت .

هاوکات جیدیۆی چاوپێکەوتنەکە لە ڕاپۆرتەکەدا دەبیندرێت و دەتوانن گوێی بۆ بگرن .

 

پێشکەشکاری فرانس 24وەک یەکەم پرسیار باس لە بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی ناو عێراق  و ڕاسپێردرانی سەرۆک وەزیرانی نوێ دەکات و لە سەرۆکی حکومەتری هەرێمی کوردستان دەپرسێت بۆچوونی ئێوە بۆ ئەو دۆخەی ئێئستا چۆنە

 

 

لە وڵامدا مەسرور بارزانی دەڵێت ،  ئێمە وایدەبینین بارودۆخی ئێستای بەغدا دەرئەنجامی ئەو حوکمڕانییە خراپە بووە، کە لەماوەی 15 – 16 ساڵی رابردوو ھەبووە. زۆربەی ئەوانەی ئێستا خۆپیشاندان دەکەن و رژاونەتە سەر شەقامەکان داوای ئەنجامدانی چاکسازیی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و حوکمڕانییەکی باش دەکەن، ئێمەش پشتگیریی تەواوی ئەو داواکارییە رەوایانەی خەڵکەکە دەکەین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێکجار ئەجێندای سیاسی تێدا تێکەڵاو دەکرێت کە ئەمەش رەوشەکەی ئاڵۆزتر کردووە. لەراستیدا سەرۆک وەزیرانی پێشوو بەڕێز عادل عەبدولمەھدی، ھەموو ھەوڵی خۆیدا بەڵام بەداخەوە ئەو ئەوەندە پشتگیریی نەکرا کە شایەنی بوو لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی دیکە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی خۆی. ئێمە پێمانوانەبوو کە ئەو بەرپرسیاربێت بەرامبەر بە ھەموو ئەو کێشانەی وڵاتەکە بەدەستییەوە دەناڵێنێت. ھیواداریشم کە سەرۆک وەزیرانی نوێی راسپێردراو بەڕێز عەللاوی پشتگیریی زیاتری بکرێت لەلایەن خەڵک و لایەنە سیاسییەکانیش تا سەرکەوتوو بێت.

 

پرسیای دوومی پێشکەشکاری فڕانس 24لە سەر گەشبینیەکانی مەسرور بارزانییەوە وەک وڵامی پرسیاری یەکەم و دەلێت لە کاتێکدا بەرێزتان هیودارن بەڵام ڕای خەڵک ڕەنگە پێچەوانە بێت بەڵام سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت ،

جارێ دیارنییە دەبێ چاوەڕێ بین و تەماشا بکەین. بێگومان ھەندێک ھەن دژی راسپاردنی ئەون، بەڵام ژمارەیەکی زۆریش پشتگیریی دەکەن، بۆیە ھیوادارین کە ئەگەر ئەو بووە سەرۆک وەزیران ئەوا بە تەواوەتی پابەندی جێبەجێکردنی دەستوور بێت کە ئەمەش پێمانوایە داواکاری سەرەکی زۆرینەی گەلی عێراقە.

 

پێشکەشکاری فرانس 24 دەپرسێت زۆربەی عێراقیەکان و ئایەتوڵلا سیستانیش پێیان وایە دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت ، ئاخۆ ئێوەش ئەو داواکاریەتان هەیە ؟؟

 

مەسرور بارزانی بەوجۆرە ولام دەداتەوە دەڵێت ،  ھەر شتێک زۆرینەی گەلی عێراق لەگەڵی بێت. ئێمەش پشتگیریی دەکەین. بەڵام ئەوە تەنیا پەیوەندی بە ھەڵبژاردنەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە تەواوی سیستەمەکەوە ھەیە کە مایەی نیگەرانیە و دەبێ ئەو نیگەرانییەمان لەبەرچاوبگیرێت. پێویستە حکوومەتێکی گشتگیر وهەمەلایەنە ھەبێت و نوێنەرایەتی خەڵک بکات. بۆیە دەبێ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنیش بەو مەبەستە و ئاراستەیە بێت.

 

پێشکەشکار  دەپرسێتەوە ئەی ئەگەر ئەو ئەنجامە رووی نەدا ئاخۆ پێشبینی رووخانی دەوڵەتی عێراق دەکەن ؟

 

وڵامی مەسرور بارزانی لەمباردا ئەوەیە ،  لەراستیدا نازانم. ھیوادارم وانەبێت. ھیوادارم کە چارەسەرێک ھەبێت بۆ ئەو خەڵکەی کە زۆر ئازاری چەشتووە.

 

پێشکەشکاری فرانس 24 لە پرسیارێکی تر دەڵێت حکومەتەکەی ئێوە لە گفتوگۆدابوون لەگەڵ بەغدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکانتان، بەتایبەتی لەبارەی پرسی نەوت، پێدەچێ بەھۆی ئەو بارودۆخەی لە بەغدا ھەیە گفتوگۆکانتان هەڵپەسێردراون و جارێ هیچ رێککەوتنێک لە ئارادا نەبێت؟

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی کورت دەلێت  بەڵێ ئەوە راستە، لە دوتاریش دا بەم جۆرە شرۆڤەی دەکات و دەڵێت ،  لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەم راستەوخۆ چوومە بەغدا و بە کۆمەڵێک پێشنیاز لەگەڵ تیمێکی بەھێزی کابینەکەم. بەردەوامبووین لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەڕێز عادل عەبدولمەھدی و کابینەکەی و دواتر گەیشتنە رێگەچارەیەکی باش و چاوەڕێ بووین بگەینە قۆناغی کۆتایی رێککەوتنەکە، کە لەو بڕوایەدا بووین لە بەرژەوەندی عێراق و ھەرێمی کوردستانیشدا بوو. بەداخەوە رەوشەکە لە عێراق یارمەتیدەر نەبوو. بۆیە ھەموو شتەکان راوەستان. بۆیە ھیوادارم حکوومەتی داھاتوو و سەرۆک وەزیرانی داھاتوو پابەندبێت بەوەی کە رێککەوتنەکە بگەیەنێتە قۆناغی کۆتایی کە ئێمە پێمانوایە ئەوە لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقدایە.

 

پێشکەشکار بەردەوام دەبێت و دەپرسێت  بێگومان ئێستا زۆر باسیش لە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا دەکرێت. لەدوای کوشتنی ژەنەڕاڵی ئێرانی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، پێشموایە تۆ لەگەڵ ئەوەنیت بکشێنەوە. پێتوایە کە ھێزەکانی ئەمریکا دەکشێنەوە، ئایا ئەمە جێی نیگەرانی ئێوەیە؟

 

مەسرور بارزانی بە زمانێکی دیپلۆماسیانە بەم شێوە ولام دەداتەوە و دەڵێت ،  ئەمریکا و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەسەر داوای فەرمی حکومەتی عێراقی لە عێراقن. ئەوانیش زۆر یارمەتیدەری ھێزەکانی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگەیان داوە لە شەڕی دژ بە داعش. بۆیە ئێمە لەو بڕوایەداین مانەوەیان پێویستە، چونکە داعش ھێشتا مەترسییەکی گەورەیە و بە تەواوەتی لەناونەچوون و ریشەکێش نەکراون. داعش توانای خۆی رێکخستنەوەو ھێرشکردنیان هەیە، لە چەندین شوێن ھێرشیشیان ئەنجامداوە. بێگومان ئەو بڕیارە بڕیارێکی تاکلایەنە بوو لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە و پەلەیان لە بڕیاردانەکە کرد و ھیوادارین، کە رێگەچارەیەک یان میکانیزمێک ھەبێت کە ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان پێی رازی بن بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لەم ناوچەیە کە ئێمە پێمانوایە مانەوەیان زۆر پێویستە.

 

پێشکەشکار بەردەوام دەبێت و دەپرسێت ، لەدوای ھێرشەکەی ئەمریکا کە بووە ھۆی کوشتنی قاسم سولەیمانی و دواتریش وەڵامدانەوەی ئێران کە بێگومان بنکەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ھاوپەیمانانی کردە ئامانج. ئێستا ئەمریکا باس لە ھێنانی سیستەمی دژە مووشەکی پاتریۆت دەکات. ئایا لەو بارەیەوە قسەیان لەگەڵ ئێوە کردووە؟ تۆ لەگەڵ ئەوەی ئەو سیستەمە بھێنرێت تا ھێرشی لەوجۆرە دووبارە نەبێتەوە؟

 

مەسرور بارزانی:  ئەمریکا وەکو ھەر حکومەتێکی دیکە مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات. بۆیە ئەگەر ئەمریکا بڕیاربدات لە ھەر شوێنێک بنکەی سەربازی ھەبێت، ئەوە بڕیاری خۆیانە و چ سیستەمێک دادەنێن بۆ بەرگریکردن لەخۆیان ئەوە بۆ بڕیاری خۆیان دەگەڕێتەوە. بەڵام بێگومان ئەوان ھاوپەیمانن و ھاوکار و پاڵپشتیکاربوون لە تەواوی شەڕی تیرۆریزم لە ناوچەکە، ھەربۆیەش ئەوان لێرەن. بۆیە ئەوە بۆ بڕیاری ئەمریکا دەگەڕێتەوە و ئەوان خۆیان بڕیاردەدەن.

 

 

پێشکەشکارەکە یفرانس 24 دەپرسێت  ئایا لەسەر ئەو پرسە قسەیان لەگه‌ڵ ئێوە کردووە؟

 

مەسرور بارزانی لە ولامدا دەڵێت ،ئەوان باسیان لەوە کردووە کە سیستەمی بەرگری لێرە دابنێن، بەڵام بێگومان ئەوان چاوەڕێن قسە لەگەڵ حکوومەتی عێراقی بکەن و رەزامەندی حکوومەتی عێراقی وەربگرن.

 

بەڵام ئێوە پێشوازی لە هەنگاوێکی لەم شێوەیە دەکەن؟

 

مەسرور بارزانی وڵامدەداتەوە  دەڵێت بەڵێ بێگومان بەڵام دەبێ بەغدا رەزامەندی بدات. بەڵام ئەگەر بە رای ئێمە بێت ئەوە لاریمان نییە.

 

پێشکەشکاری فرانس 24دووبارە بەردەوام دەبێت و دەڵێت ئاماژەت بەوە کرد کە داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەن و نوێنەری ئەمریکاش لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند کە ھێشتا نزیکەی هەژدە ھەزار چەکداری داعش لە عێراق و سووریا ھەن. ئایا تۆ بۆچوونت لەسەر ئەو ژمارەیە چییە و مەزەندەی ئێوەش دەربارەی خۆڕێکخستنەوەی داعش چییە؟

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گووتی ،  زۆر زەحمەتە ژمارەیەکی راست و دورستت بدەمێ. بەڵام ئێمە زانیاریمان ھەیە کە ژمارەی چەکدارەکان نزیکە لەو ژمارەیە. واتا هەژدە ھەزار یان زیاتر. بەڵام دەتوانم بڵێم بەدڵنیاییەوە کە ئێستا ژمارەی ئەندامانی داعش زۆر زیاترە لە ژمارەی ئەندامەکانیان لە ساڵی 2013 پێش ئەوەی ھێرشەکانیان بۆ سەر عێراق و سووریا دەستپێبکەن و خەلافەتی خۆیان رابگەیەنن. بۆیە ئەگەرێکی زۆر ھەیە بۆ سەرھەڵدانەوەی داعش و زۆر بەئاسانیش دەتوانن خۆیان رێکبخەنەوە و خەڵکی نوێ رابکێشنە ناو ریزەکانیانەوە. لەبەرئەوەی سەرجەم ئەو ھۆکارانەی بوونە ھۆکاری سەرھەڵدانی داعش و ھەماھەنگی خەڵک لەگەڵ داعش ھێشتا ماون. بۆنموونە ھێشتا سەقامگیریی سیاسی نییە. خۆشگوزەرانی ئابووری نییە، ئارامی و ئاسایشێکی بەھێزیش نییە. ئەمانەش ھۆکار بوون بۆ سەرھەڵدانی گروپی تیرۆرستی، بێگومان لەئەگەری نەبوونی ئەو فاکتەرانەی باسمکردن و ئەگەر بە جیدی رووبەڕوویان نەبینەوە وەک ھێزەکانی ھاوپەیمانان و هێزەکانی ناوچەکە، ئەوە ئەگەرێکی زۆرە کە داعش سەرھەڵبداتەوە.

 

پێشکەشکار دەڵێت ،  وەک ئاماژەم پێدا ئێستا ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنەکانی لەدژی داعش دەستپێکردووەتەوە لەدوای ئەوەی بۆ ماوەیەک رایانگرتبوو. ئایا  دەتانەوێت ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی رۆڵێکی کاراتری ھەبێت، خۆت ئامادەی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن دەبیت، ئایا لەوێ داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەی بۆ ھاوکاری زیاتر؟

 

مەسرور بارزانی گووتی ، بەڵێ بێگومان. پێویستە بە توندترین شێوە رووبەڕووی داعش ببینەوە، بەڵام ئێستا ئەوە زەحمەتە چونکە ئەوان ئێستا ھیچ ناوچەیەکی لەژێر دەستدا نییە وەکو رابردوو. بۆیە ئێستا پێویستی بە ھەماھەنگییەکی سەربازیی و ھەواڵگریی ھەیە و دەبێ بزانیت ئەوان لە کوێن و دواتریش بەکردەوەی سەربازی رووبەڕوویان ببیتەوە.

 

دیسان پێشکەشکار دەلێت  باست لە کردار کرد، ئەوەش پێویستی بە ھەماھەنگی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند ھەیە بەتایبەتی لەو ناوچانەی بە ناوچەی ناکۆکی لەسەر ناسراون و وادەبینرێت کە ئێستا بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە ھەیە، ئەمەش بەھۆی ئەوەی ھەماھەنگی تەواو لەنێوان ئێوە و ئەواندا نییە و ئەمەش ئەو ناوچە  کە سوننیانەن لەرابردوودا داعش پێگەی بەھێزبوو، ئێستاش ھەر لەوێ خەریکی خۆرێکخستنەوەیەو دەیەوێ دووبارە بگەڕێتەوە؟

 

مەسرور بارزانیولام دەداتەوە دەڵێت  ئەمە یەکێک بوو لەو خاڵانەی کە لەگەڵ بەغدا دا گفتوگۆمان لەسەر کرد و پێشنیازمان بۆ بەغدا کرد کە پێویستە ھەماھەنگییەکی باشتر لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەبێت. بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ناسراون. لەبەرئەوەی ئێستا بۆشایی ئەمنی ھەیە، ئەمەش بەھۆی ئەو گرژیانەی لەنێوان ئێمە و بەغدا ھەبوو لەدوای ساڵی 2017. بۆیە پێویستە ئەو ناوچانە پارێزگاریان لێ بکرێت و پێشنیازی ئێمەش ئەوەبوو کە ھەردوو هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەیەکتر نزیک ببنەوە و بگەڕێنەوە بۆ سەر ئەو سیستەمەی لەرابردوودا ھەبوو کە پێیدەگوترا میکانیزمی ھەماھەنگی ھاوبەش، تاوەکو ئەو ھەماھەنگیانە دەستپێبکەنەوە تا چیدیکە داعش نەتوانێت لەو ناوچانە جموجۆڵی ھەبێت.

 

پێشکەشکارەکە دەلێت بەڵام ئایا ئەوە تا چەند چارەسەرێکی واقیعیانە دەبێت لەکاتێکدا کە میلیشیا شیعییەکان ناوچەیەکی زۆریان لەژێر دەستە و ھەندێک پێیانوایە زۆربەی عێراقیان کۆنتڕۆڵ کردووە. ئایا ئەوانیش مەترسی نین بۆ ئەو ھەماھەنگیەی تۆ باست كرد؟

 

بەڵام مەسرور بارزانی بە روونکردنەوە دەست پێدەکاتەوە دەڵێت ،  با ئەوە روون بکەمەوە کە ئەوان لەرابردوودا رووبەڕووی داعش بوونەتەوە، بەڵام ئێمە باس لەوە دەکەین کە چۆن بتوانین رێگری بکەین لە مەترسی سەرھەڵدانەوەی داعش لەو ناوچەیە. بۆیە ھەر پرسێک یانیش ھەر شتێک کە لەو رووەوە یارمەتیدەر نەبێت دەبێ بیر لە ئەڵتەرناتیڤی بکەینەوە. تا ئەم ساتەش باشترین ئەڵتەرناتیڤ ئەوەیە کە سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە ئەو بۆشایە پڕبکەنەوە لەبەر ئەوەی زۆر لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە رەنگە دڵخۆش نەبن بەوەی ھێزی دیکە لەو ناوچەیە بێت.

 

فرانس 24: بێگومان زۆرێک لەو ھێزانەی باستکردن پەیوەندیان بە ئێرانەوە ھەیە و باسم لە ھێرشەکانی سەر ئەم ناوچەیە کرد کە مانگێک لەمەوبەر ئەنجامدران لە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی. پێتوایە بڕیارێکی باش بوو ئەمریکا ئەو کارەی کرد؟

 

مەسرور بارزانی: ئەوە بڕیاری ئەمریکا خۆی بوو. من ناتوانم بە ناوی ئەمریکاوە قسە بکەم.

 

فرانس 24: ئایا لە دوای ئەو رووداوەوە، ھیچ ھەڕەشەتان لەلایەن ئێرانەوە لێکراوە، یانیش گفتوگۆتان لەگەڵ کردوون بۆ ئەوەی ھیچ گرژییەک دروست نەبێت؟

 

مەسرور بارزانی: ئێمە ھەموو ھەوڵێکی خۆمان داوە کە دووربین لەو گرژیی و ئاڵۆزیانە. ئێران دراوسێمانە و پەوەندییەکی باشیشمان لەگەڵ ئەمریکاش هەیە و ھاوپەیمانمانە و نامانەوێت ئەو گرژیانە زیاتر بن، یان رووبەڕووبوونەوە رووبدات. ئێمە لەو بڕوایەداین کە پێویستە ھەموو لایەنەکان هەوڵی ھێورکردنەوە و ئارامکردنەوەی دۆخەکە بدەن و ئێمەش ئەوەمان کردووە.

 

 

ئەو کاتەی پێشکەشکارەکە لەی دەپرسێت ئاخۆ  پێتوایە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی نێوان ئەمریکا و ئێران دوورە؟ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت ھیواداریم ھیچ شەڕێک روونەدات. لەبەرئەوەی لە بەرژەوەندی ھیچ لایەکدا نابێت بەتایبەتی لە بەرژەوەندی خەڵکەکە نابێت. ئێمە زۆر نیگەرانین لە گرژیی و ئاڵۆزی رەوشەکە. بۆیە ھیوادارم ھەموو لایەنەکان ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن.

 

پێشکەشکارەکە دەڵێت  رات بەرامبەر قسەکانی ئەمدوایەی ئەمینداری حزبوڵڵای لوبنانی حەسەن نەسروڵڵا چیبوو، کە گوتی ساڵی 2014 کاتێک داعش لە ھەولێر نزیکبوویەوە، باوکت مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی ھەرێمی کوردستان، داوای هاوکاری لە قاسم سولەیمانی کرد و سەرۆکی ھەرێمییش زۆر نیگەران بوو زۆریش پەرۆش بوو بۆ ئەوەی ھاوکاری بکرێت، بەڵام نەسروڵڵا زۆر نیگەران بووە لە ھەڵوێستی سەرکردایەتی کورد بەرامبەر کوشتنی قاسم سولەیمانی، تۆ چی دەڵێیت؟

 

مەسرور بارزانی لە ولامدا گووتی ،   لەراستیدا بەو شێوەیەی ئەو ھەڵسوکەوتی کرد و قسەی کرد، ئەو بێڕێزی بە خۆی کرد. کەسێکی ئەوھا و لەو پێگەیەدا دەبێ زۆر باشتر بزانێت چۆن دەربارەی خەڵکی دیکە قسە دەکات. بێگومان ئەوەی گوتیشی راست نەبوو. ئەوەی چاوەڕێیم نەدەکرد ھەڵوێستی زۆربەی عەرەبەکان بوو (بەرامبەر قسەکانی نەسڕوڵڵا) نەک تەنیا کورد، بەڵکو عەرەبەکانیش (بەرپەرچی قسەکانی حەسەن نەسڕوڵلایان دایەوە)، لەبەرئەوەی ئەوانەی سەرۆک بارزانی دەناسن دەزانن کە ئەو بە خۆی سەرکردایەتی شەڕی داعشی کرد و زۆربەی کاتەکانیش لە سەنگەری پێشەوەی شەڕەکە بوو و شان بەشانی پێشمەرگە شەڕی دژی داعش دەکرد و لەراستیدا ئەو کەسایەتیەکی سەرەکی بوو کە توانی ئەفسانەی داعش تێکبشکێنێت و شکست بە داعش بھێنێت. بێگومان لەسەرەتادا بارودۆخ زۆر ناھەموار بوو. بەڵێ ئێرانییەکانیش ھاوکاریان کردین لەرێگای ناردنی چەند چەک و تەقەمەنییەکەوە بەڵام ئەو ھاوکارییەی ئەوان باسیان لێوەدەکرد زۆر گەورە کرابوو. بێگومان ئێمە سوپاسی ھەموو لایەکمان کردووە کە ھاوکاریان کردین لەو ساتە زەحمەتانەدا بەڵام لەگەڵ ئەوەش زۆر ھێزی ھاوپەیمانانی دیکەش ھەبوون کە ھاوکاریان کردین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت دان بەوەدابنێین کە ئەوە پێشمەرگەبوو لەسەنگەرەکانی پێشەوە شەڕی دژی داعش دەکرد و قوربانیاندا لەپێناو شکستپێھێنانی داعش. کە توانیان نەک تەنیا پارێزگاری لە کوردستان بکەن بەڵکو پارێزگاری لە ھەموو جیھانیش بکەن لەم مەترسییە.

 

لە پرسیارێکی تردا پێشکەشکار  بەخێرایی دەچێە سەردۆخی سووریا و دەڵێت. وەک دەزانی شەر و گرژییەکان لە نێوان تورکیا و حکومەتی سوریا سەریانھەڵداوەتەوە. دۆخی کورد لە سووریا بەدڵنیاییەوە جێگەی نیگەرانیە بۆ ئێوە. ھەڵوێستی ئێوە لەسەر ئەوەی ئێستا لە سوریا روودەدات چییە؟

 

مەسرور بارزانی لە ولامدا گووتی  ئێمە نیگەرانین لە دۆخی سووریا، لەبەرچەند ھۆیەک: پێش ھەموو شتێک پێمانوانییە رووبەرووبونەوەی سەربازی و شەڕ ھاوکاربێت بۆ گەراندنەوەی سەقامگیریی ناوچەکە بەگشتی. داگیرکارییەکانی ئەمداوییەی تورکیاش کێشەکەی ئەوەندەی دیکە ئاڵۆزتر کردووە.

 

پێشکەشکارەکە دەڵیت ئاخۆ پێت وایە  بریارێکی خراپ بوو؟

 

مەسرور بارزانی وڵام دەداتەوە ،  پێموایە ھاوکارنیە لە گەڕاندنەوەی ئاشتی درێژخایەن لە ناوچەکەدا. بەتایبەتی کە ھەندێک لایەنی ئۆپۆزسیۆنی سووریاش بەشێکن لە کێشەکە و لەلایەن خەڵکی خۆجێی ناوچەکەوە رەتکراونەتەوە. ئێمە ھەموومان نیگەرانین لە ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە. ھەروەھا نیگەرانین لەوەی شەپۆلێکی دیکەی خەڵکی لە سووریاوە بەھۆی ئەو دۆخە خراپەوە ئاوارەبوون.20 ھەزار ئاوارەی دیکەش لە سوریاوە بەھۆی ئەو گرژییانەی ئەم دواییەوە روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە. لەکاتێکدا پێشتریش زیاتر لە 250 ھەزار کوردی ئاوارەی سووریامان حەواندووەتەوە. ھەربۆیە راستە خەڵک نیگەرانە لە گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچەکەدا. لەم دواییانەدا سەردانی ئەنقەرەم کرد و لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان و بەرپرسانی دیکەی تورکیا کۆبوومەوە. ئەوان دڵنیایان کردینەوە کە نایانەوێت گۆڕینی دیمۆگرافی لە سوریا ئەنجام بدەن.

 

پێشکەشکاری فرانس 24 گووتی باوەرت پێیان ھەیە؟

 

مەسرور بارزانی ڕاشکاوانە گووتی ھیوادارام کە گۆڕینی دیمۆگرافی روونەدات، چونکە لەبەرژوەندی ھیچ لایەکدا نییە.

 

پێشکەشکارەکە کاتێک لە درێژەدا دەڵێت ،  دەمەوێت بێمە سەر دۆخی ئێرە (هەرێمی کوردستان). باسمانکرد کە خۆپیشاندەران لە بەغدا دژی گەندەڵین و داوای حکومرانیەکی باش دەکەن، زۆر ناڕەزایی و خۆپیشاندان ھەن لە ناوچەکە و جیھانیش بەگشتی. کابینەکەی ئێوە لە مانگی حوزەیرانەوە راگەیەندراوە و تا چەند لە رەگەوە دەرھێنانی گەندەڵی و بنبڕکردنی بووەتە کاری لەپێشنەی ئێوە. بۆئەوەی حکومرانیەکی باش بھێننە کایەوە، وەک ئەوەی کورد و خەڵکی دیکەش داوای دەکەن ؟

 

مەسرور بارزانی: راستە ئەوە دروشمی کابینەکەمە، کە  گەندەڵی نەھێڵین. ئەوە لە ئەجێندای ئێمە دایە و کارنامەی خۆشمان راگەیاندووە، ئەوەی پێویستە بیکەین ئەوەیە کە چاکسازی گشتی بکەین لە بواری ئابووری و بەڕێوەبردنی حکومەت و واتە بەڕێوەبردنی باش، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیش کاری ھەرە لەپێشینەمانە. ئێمە سەرکەوتووبووین لەوەی کە گەندەڵی رابگرین، پێداچوونەوە بەھەر کارێکی ھەڵەدا دەکەینەوە کە لەوانەیە لە رابردوودا روویدابێت. بۆیە من پێموایە تا ئێستا زۆر سەرکەوتوو بووین، بەڵام ئەمە پرۆسەیەکی دوور و درێژە، ئێمەش پابەندین بەوەی رووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە. ھیوادارین شەفافیەتی زیاتر بۆ خەڵکی بەدیبھێنین کە بۆ خەڵکی بەراستی پێویستە و شایەنی ئەوەن کە حکومەتێکی شەفافیان ھەبێت. پێویستە متمانە بنیات بنێن، بەشێوەیەک کە حکومەتەکەیان لەخزمەتی ئەواندا بێت و باوەڕیان پێیبێت لەوەی کە بۆیان ئەنجام دەدات. من باوەڕی تەواوم ھەیە ئێمە رێگەیەکی باشمان بڕیوە، بەڵام ھێشتا زۆر کاری دیکەشمان ماوە کە دەبێ ئەنجامیان بدەین، بەڵام من تا ئێستا زۆر بە دەرئەنجامەکان دڵخۆشم.

 

وەک  پرسیاری کۆتایی دەپرسێت ، لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆییەوەیە کە زۆرێک لە خەڵکی پێیانوایە کارێکی باش نەبووە، وەکو پرەنسیپ نا بەڵکو خراپیەکەی بۆ کاتەکەی و ئەو دەنگە ناڕازیانەی کە لە دنیا و وڵاتانی دەوروبەر و ھاوپەیمانەکانیشتانەوە بەرزبوونەوە. لە ئەنجامیشدا رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ بەغدا لێکەوتەوە و خەونی سەربەخۆیی کوردستان وادەردەکەوێت کە ئێستا پرسێک نەبێت لە داھاتوویەکی نزیکدا رووبدات.

 

مەسرور بارزانی: کەواتە پرسیارەکەت چیە؟

ئەوەی لەم چاوپێکەوتنەدا گرینگی تایبەتی هەبوو باسی ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بوو ، لەی دەپرسێت ئاخۆ پێتان وانەبوو هەڵەتان کرد ،  کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەم شێوە ولامی دایەوە

بەدڵنیاییەوە نەخێر، ھیچ ھەڵە نەبوو. پێش ھەموو شتێک ئێمە ریفراندۆممان ئەنجامدا بۆئەوەی بزانین خەڵکی خۆمان چیدەڵێن. ئەوە دەربڕینی خواستی خەڵکی بوو کە پرۆسەیەکی تەواو دیموکراسی بوو. خەڵکی تەنیا بۆچوونی خۆیان دەربریوە کە چییان دەوێت. ئەوە راگەیاندنی سەربەخۆیی نەبوو، بۆیە ئەگەر بە واقیعی قسە بکەین، ئەوە تەنیا دەربرینی بۆچوون و خواستی خەڵکی بوو کە چییان دەوێت. ئێمە دەرگامان بۆ گفتوگۆکردنیش لەگەڵ بەغدا بە کراوەیی بەجێھێشت. بەڵام بەداخەوە ئەوەی نایاسایی بوو کاردانەوەی بەغدا بوو، کە ھێزی بەکارھێنا لە دژی پرۆسەیەکی دیموکراسی. چونکە کوردستان بەپێی یاسا بەشێکە لە عێراق و ئێمە ھیچکات سەربەخۆییمان رانەگەیاندبوو. ھەربۆیە نەخێر ریفراندۆم ھەڵە نەبوو. بەڵکو تەنیا دەربڕینی خواستی خەڵک بوو و ھۆکاریش ھەبوون بۆ ئەنجامدانی ئەو ریفراندۆمە. ئەویش بەھۆی خراپ مامەڵەکردنی حکومەتی بەغدا بوو لەگەڵ کورد، کە چۆن کورد فەرامۆش دەکران و پشتگوێ دەخران. بەدڵنیاییەوە ئێمە ھەمووکات وتوومانە ئێمە دەستوورمان ھەیە، پێویستە بەغدا بەتەواوی جێبەجێی بکات. ئێمە باوەری تەواومان ھەیە کە بەتەواوی جێبەجێکردنی دەستوور یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکیەکان بۆ ئەوەی ئێمە پێکەوە بژین و وڵاتێک بنیادبنێین. بەداخەوە بەغدا ھاوبەشی ئێمەی قبووڵ نەکرد و ئێمەش وتمان نامانەوێت پشتگوێ بخرێین و بەکەم سەیر بکرێین. چونکە پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا لەسەر ھاوبەشی و دابەشکردنی دەسەڵات بنیادنراون. لەراستیدا ھەرکات بەغدا ئامادەبووبێت، ئێمە لە واقیعی ناوچەکە و جیھانیش تێدەگەین، بەڵام ھەرکاتێک بەغدا ئامادەبووبێت بۆ دانوستان، ئێمە چووینە بەغدا و گفتوگۆمان کرد لەسەر چۆنیەتی رێكخستنەوەی پەیوەندییەکانمان بەگوێرەی دەستووری عێراق. ھەربۆیە لە راستیدا ئەوە کورد نییە کە دەستووری پێشێلکردووە، بەڵکو ئەوە رژێمی پێشووی بەغدا بوو دەستووری پێشێلکرد و کوردی ناچارکرد ریفراندۆم ئەنجام بدات.

 

لە بەشێکی تردا وەک کاردانەوەیەک بۆ ولامی پێشوو پێشکەشکار دەڵێت،  تۆ باسی کاردانەوەکانی بەغدات کرد، بەڵام ئەی چی لە بارەی دراوسێکانتان و ھاوپەیمان و دۆستەکانتانەوە دەڵێی، لە ئەمریکاوە دەست پێدەکەم؟ ئەوان پاڵپشتیان نەکردن، ئەوان ئێوەیان بەجێھێشت؟

مەسرور بارزانی: راستە، ئەوان پاڵپشتیان نەکردین، زۆربەداخەوە.

 

ئەوکاتەی لەی دەپرسێت پێت وانییە لە بەر ئەوە بووبێت کە هەڵە بووە وڵامی دەداتەوە ، من پێموانییە ھەڵە بووبێت. من پێموایە ئەوانە ھەڵەیان کرد کە پاڵپشتی راستیان نەکرد، چونکە بەرژوەندی رۆڵێکی زۆر گەورەتری گێڕا لەبەرامبەر بەھا و پرەنسیپەکان، شتەکان بەوشێوەیە بوو. ئەگەرنا من ھیچ پێموانییە کە کورد کارێکی ھەڵەی کردبێت.

 

لە کۆتاییدا دەپرسێت ئاخۆ  پێتوایە کوردستان ببێتە وڵاتێکی سەربەخۆ؟

 

مەسرور بارزانی: باوەڕبوون بە خواست وئارەزوو شتێکە و راستی و واقیعیش شتێکی دیکەیە. ئەمڕۆ ئامانجی ئێمە ئەوەیە پەیوەندییەکی باشترمان لەگەڵ بەغدا ھەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین دەستکەوت بۆ خەڵکی کوردستان و ھەموو عێراقیش بەدەست بھێنین.

 

 

 

https://www.facebook.com/masrourbarzani/videos/2524984797829220/?t=6

Back to top button