به‌رپرسێكی پارتی له‌ قه‌ره‌ته‌په‌: داعش سه‌رقاڵی خۆ رێكخستنه‌وه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا

 

دوای ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوو تیرۆریستانی داعش له‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداری هه‌رێم كرده‌ی تیرۆریستیان زیاد كرد و له‌ ئێستادا چالاكیه‌كانیان زیاتر بووه‌، به‌ر پرسێكی پارتیش له‌ سنوری قه‌ره‌ته‌په‌ ئاشكرای ده‌كات كه‌ داعش له‌ هه‌وڵی خۆ رێكخستنه‌وه‌دایه‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك چه‌كداری بیانیشی له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ گواستۆته‌وه‌ بۆ ئه‌و سنوره‌.

كه‌مال ئیبراهیم به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ قه‌ره‌ته‌په‌ به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی راگه‌یاندووه‌، “به‌ پێی ئه‌وزانیاریانه‌ی كه‌ ده‌ستی ئێمه‌ كه‌وتووه‌، تیرۆریستانی داعش سه‌رقاڵی خۆڕێكخستنه‌وه‌ن له‌ چیای حه‌مرین، كه‌ چیایه‌كی فراوانه‌ و چه‌ندین چه‌كداریی بیانیشیان هێناوه‌ بۆ سنووره‌كه‌، سوپای عێراق و ئه‌و میلیشیانه‌ش كه‌ له‌و سنووره‌ هه‌ن، توانای كۆنتڕۆڵكردنیان نییه‌، چونكه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ نه‌بێت، كۆنتڕۆڵی سنووره‌كه‌ ناكرێت، خه‌ڵكی سنووره‌كه‌ش له‌ كورد و عه‌ره‌بی سوننه‌ هه‌میشه‌ داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن”

ئه‌و به‌رپرسه‌ی نێو رێكخستنه‌كانی پارتی راشیگه‌یاندووه‌: “له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر چه‌ندین گوندی كوردنشین و عه‌ره‌بی سوننه‌ش له‌ ترسی كۆنتڕۆڵنه‌كردنی ناوچه‌كه‌ له‌ رووی ئه‌منییه‌وه‌ ئاواره‌ بوونه‌، ئه‌وانه‌شی ماون، به‌ شه‌و خۆیان پاسه‌وانی له‌ خۆیان ده‌كه‌ن”.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ داعش رۆژانه‌ چاڵاكی له‌و ناوچانه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت به‌ شه‌وان بازگه‌ له‌ نێو گونده‌كان داده‌نرێن،. خه‌لكی ده‌كوژن و ئۆتۆمبێله‌كانیان ده‌كه‌ن و به‌ ئاره‌زووی خۆیان هاتووچۆ ده‌كه‌ن.

Back to top button