ئه‌یاد عه‌لاوی به‌شداری حكومه‌تێك ناكه‌ین كه‌ به‌ چاودێری میلیشیاكان پێكده‌هێندرێن

 

سه‌رۆكی ئیئتلافی نیشتمانی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان نابنه‌ لایه‌نێك له‌ پێكهاته‌ی ئه‌و حكوومه‌ته‌ی كه‌ به‌ خواستێكی ده‌ره‌كی و به‌ چاودێری میلیشیاكان پێك ده‌هێنرێت.

ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆكی ئیئتلافی نیشتمانی له‌ تویتێكدا نووسیویه‌تی كه‌ قسه‌كردن له‌باره‌ی وه‌رگرتنی پۆست له‌كاتێكدا تاڤگه‌ی خوێن كه‌وتووه‌ته‌ ڕێ كارێكی جێی شه‌رم شووره‌ییه‌و شایه‌نی ئه‌وه‌ نییه‌ مامه‌ڵه‌یشی له‌گه‌ڵ بكرێت.

هاوكات ده‌ڵێت ئه‌وان هه‌ڵوێستیان ڕوونه‌و ئه‌مڕۆیش دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ نابنه‌ لایه‌نێك له‌ پێكهاته‌ی ئه‌و حكوومه‌ته‌ی كه‌ به‌ خواستی ده‌ره‌كی و به‌ چاودێری میلیشیاكان و له‌سه‌ر حسێبی خوێنی عیراقییه‌ بێ تاوانه‌كان پێك ده‌هێنریت.

هه‌ڵبه‌ت سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی ڕاسپارد حكوومه‌تێكی كاتی پێكبهێنیت ڕێ بۆ هه‌لبژاردنی پێش وه‌خته‌ خۆش بكات، ئه‌ویش لای خۆیه‌وه‌ به‌ڵێنی داوه‌ ئه‌گه‌ر نه‌توانیت داواكارییه‌كانی گه‌لی عیراق جێبه‌جێ بكات له‌و ئه‌ركه‌ی ده‌كشێته‌وه‌.

Back to top button