دۆخی سلێمانی دژوار ده‌بێت

خواكوڕك

له‌ ئێستادا سلێمانی به‌هۆی زۆری كێشه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ تووشی كۆمه‌ڵێك قه‌یرانی قولی ئیداری و خزمه‌تگوزاری و ته‌نانه‌ت ئه‌منیش بووه‌ته‌وه‌، چاودێرێكی سیاسیش ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر خه‌مخۆران پێڕا نه‌گه‌ن ئه‌و شاره‌ له‌ناو ده‌چێت.

چاودێرێكی سیاسی له‌باره‌ی دۆخی سلێمانیه‌وه‌ ده‌نوسێت، “لە ڕووی ئیدارییەوە ئەو شارە لە بۆشاییەکی تەواودا دەژی تا ئێستا کەس نازانێت کێ پارێزگارە و بچوکترین کاری ئیداریش بە مانگێک تەواو نابێت”.

نیاز حاجی چاودێر و توێژه‌ری سیاسی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسینێكی بڵاوكردۆته‌وه‌ و پێیوایه‌، “پەرەوەردە و خوێندنی باڵا کە بڕبڕەی پشتی هەر کۆمەڵگایەکە توشی ئیفلیج بوون هاتووە”.

نیاز حاجی ده‌شنوسێت، “ململانێی نێوان ماڵبات لەلایەک و باڵەکانی یەکێتی لەلایەک، هەروەها ململانێی نێوان یەکێتی و گۆڕان هەردوکیان لەگەڵ ئیسلامیەکان، ئیسلامیەکانیش لە نێوان خۆیاندا، زیادبونی هەژموونی پەکەکە، ململانێی ئەوانە هەموویان لەگەڵ پارتی، دەست تێوەردانی مالیکی و ئێران لە شارەکەدا.. ئەوانەی سەرەوە سلێمانیان بە ئاستێکی مەترسیار گەیاندوە کە خەڵکەکەی توشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکی زۆر کردووە ، بە جۆرێک دۆخەکە زۆر نزیکە لە دۆخی حەلەب لە ساڵی (۲٠۱۲)”.

ئه‌و چاودێره‌ ده‌شڵێت، “ئەو سیاسیە تاریکبینانەی کە هانی خەڵک دەدەن بۆ تێکدانی دۆخی شارەکە خۆیان و خێزانیان چوونەتە دەرەوەی وڵات ، ئەو دەوڵەمەندانەی کە لە سایەی ئەو دۆخەوە دەوڵەمەند بوون چیتر ناوێرن پارەکانیان لە ناو شاردا بهێڵنەوە و خەریکی جێهێشتنی شارەکەن”.

هه‌روه‌ها له‌ نوسینه‌كه‌ی هاتووه‌، “خەڵکە تێکۆشەر و کوردپەروەرەکەشی لە ترسی ئیرهابی فیکر و جەستە، دەستەوەستان وەستاون و چاوەرێی چارەنوسێکی نادیار دەکەن”.

له‌ماوه‌ی رابردوو به‌هۆی زۆری كێشه‌كانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و ده‌ستبردن و ده‌ستگرتنی چه‌ند لایه‌نێكی به‌شدار له‌ هاوكێشه‌ ئیقلیمیه‌كان و هێنانیان بۆ نێو شاره‌كه‌، چاره‌نوسی سلێمانیان به‌ره‌و دۆخێكی مه‌ترسیدار بردووه‌ و ره‌نگه‌ له‌ داهاتوودا كاره‌ساتی نه‌خوازراوی تێدا رووبدات.

Back to top button