پەیامێك لە بارزانیەوە

خواكوڕك
 
مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكی دا بەبۆنەی چەژنی لەدایك بوونی حەزرەتی مەسیح رایدەگەێنیێت، بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی لە دایكبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ‌ بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خۆشك و برایانی خۆشەویستی كریستیان لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم و هیوای جەژنێكی پڕ لە خۆشی و شادییان بۆ دەخوازم.
 
هەر لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بەهۆی پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستان بەشێكی زۆری خوشك و برا كریستییانەكانمان ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان، هیوادارم پاش تێكشكاندنی تیرۆر و نەمانی هەڕەشەكان بە ئاسوودەیی و دڵنیایی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
 
سەرۆك بارزانی دەشلێت، لەم بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم كە خوشك و برا كریستییانەكان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە پێشمەرگە بەخوێنی خۆی بەرگری لە كوردستان كرد و خوشك و برا مەسیحییەكان و پێكهاتەكانی تریشی پاراست و ناوچەكانی ئازاد كرد، كوردستانیش هەمیشە پەناگە و پاڵپشتی خوشك و برا كریستیانەكان و بەهاكانی پێكەوەژیان دەمێنێتەوە. لە كوردستاندا هەرگیز هزری تیرۆر و جیاكاریی ئایینی و تاییفی جێگەی نابێتەوە. ئێمە هەموومان لە مرۆڤایەتیدا برا و هاوبەشین و هیچ هێز و هزرێكی شەڕانگێز ناتوانێ برایەتی و پێكەوەژیانمان تێكبدات.
 
لە كۆتای پەیامەكەی بارزانی دا دەلێـت، هیوادارم ئه‌م جه‌ژنه‌ ببێته‌ مایه‌ی خێر و بەختەوەری بۆ ئێوەی ئازیز و هەموو ساڵێک لە ئارامی و ئازادیدا جەژنەکانتان پیرۆز بکەن.
Back to top button