بەشیر حەداد: ئێمە چەند پێویستمان بە عێراقە ئەوان زیاتر پێویستیان پێمانە

بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە گفتوگۆیەكداسەبارەت بە دۆخی عیراق ئاشكرایكرد كە لێکتێگەیشتنێکی باش لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا هەیە، ئێمە چەند پێویستمان بەوانە، ئەوان زیاتر پێویستیان بە ئێمەیە.

بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگه‌یاندووه‌ كە “وەك دەزانن ئێستا لێکتێگەیشتنێکی باش لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا هەیە، هەروەک چۆن لە حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیدا ڕێککەوتنێک هەبوو، کە ئەو ڕێککەوتنە بووە بنه‌مای دانانی بودجەی ساڵی 2019 و ئەو بڕە بودجەیەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دەهات، کە بریتی بوو لە بەشێکی بودجەی فەرمانبەران، بەڵام ساڵی 2019 تێپەڕی و لە ساڵی 2020یشدا لەبەر ئەوەی یاسای بودجەی عێراق نەهاتووەتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر نەدراوە، بۆیە عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر هەمان یاسا دەڕۆن”.

حەداد باس لەوەش كردووە كە “عیراقیش دەبێ ڕەچاوی ئەوە بکات کە تێکچوونی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و بەغدا لە بەرژەوەندیی عیراقدا نییە، هەر سەرۆکوەزیرانیکی عێراق ئەگەر بیەوێت حکومەتەکەی بەهێز بێت، ده‌بێ کار بۆ ئەوە بکات کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت، چونکە ئێمە چەند پێویستمان بە عێراقە، ئەوان زیاتر پێویستیان بەوە هەیە کە پەیوەندییەکی باش و دۆستانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور دابڕێژن”.

هەروەها ئەوەشی راگەیاندووە كە “پێگەی ئێستای هەرێمی کوردستان لە بەغدا زۆر باشە، ئەوە دێن سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و داوای هاوکاری و یارمەتی لە هەرێم دەکەن بۆ ئەوەی باری سیاسی و ئەمنیی عێراق وەک خۆی لێ بکەنەوە، یان بیگەڕێننەوە سەردۆخی ئاساییی خۆی”.

وتیشی:  کەواتە عێراق لەوە تێ گەیشتووە، کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی ئیداریی فیدراڵییە و بەپێی دەستور کارەکانی خۆی دەکات و توانیویه‌تی بوونی خۆی لەناو عێراقدا بسەپێنێت و لە هەوڵی ئەوەدایە مافەکانیشی بەپێی دەستوور وەربگرێت، نە بە کەمتر ڕازین و نە داوای زیاتر دەکەن، بۆیە سەنگی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا بەهێزە و، ڕۆڵێکی بەهێزیشی دەبێت.

Back to top button