وەزارتەكان و پارێزگارەكانی هەرێم و فەرمانگەكان هەماهەنگی دەكەن بۆ رێگری لە زێدەرۆیی

 

پەیچی فەرمی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار لە راگەیاندراوێكدا رایگەیاندووە” ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 9ی شوباتی 2020، وۆركشۆپی جێبه‌جێكردنی یاسای ڕێگری له‌ زیاده‌ڕۆیی ژماره‌ (3)ی ساڵی 2018 به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری شاره‌وانی و وه‌زیری ناوخۆ، هەروەها پارێزگاری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.

لەراگەیاندراوەكەدا رایگەیاندووە” لە سەرەتای وۆرکشۆپەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەناوی خۆی و ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا گرنگیی هەماهەنگیی نێوان وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە خستە ڕوو، گوتیشی: پێویستە هەموو لایەک ئەوە بزانن، نەهێشتنی زیادەڕۆیی و گەڕانەوەی سامانی گشتی، ئەرکێکی لەپێشینەی حکوومەتە و ئەم کارەیش بە هەموومان پێکەوە دەکرێ، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە لەم وۆرکشۆپەدا ئەو ئاستەنگانە بخرێنە ڕوو لەبەردەم جێبەجێکردنی یاساکە و دەبێ بەیەکەوە ڕێگەیەکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی بدۆزنەوە.

هەروەها لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە” هه‌ر له‌و وۆركشۆپه‌دا، ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار تیشکی خستە سەر گرنگیی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە و گوتی، نابێ هیچ پاساوێک ببێتە هۆکار بۆ ڕێگری له‌ جێبه‌جێكردنی و ده‌بێ هەموو ئاسانکارییەک بۆ خێرا ڕاپەڕاندنی بگیرێتە بەر و هەماهەنگیی نێوان وەزارەت و فەرمانگەکان، هەروەها هەرچی کەرەستە و هۆکار پێویستە، بخرێتە خزمەتی یاساکە، چونکە ئامانجمان گەڕانەوەی سامانی گشتییە.

د. سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، چەند تێبینییەکی لەسەر یاسای ڕێگری لە زیادڕۆیی ژمارە (3)ی ساڵی 2018 خسته‌ ڕوو، داوای له‌ ئه‌ندامانی به‌شداربووی وۆركشۆپه‌كه‌ كرد، به‌هه‌ندی وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی یاساكه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌ و به‌ باشتر بخرێته‌وه‌ به‌رده‌ست تا زۆرتر له‌ قازانجی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ته‌واو بێت.

له‌ وۆركشۆپه‌كه‌دا، جیا له‌ هه‌ردوو وه‌زیر و پارێزگاره‌كان، بریکاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، ئەنجوومەنی دادوەری، فەرمانگەی داواکاری گشتی، پۆلیسی شارەوانی، پۆلیسی دارستان و چەندان فەرمانگەی دیکەی پەیوەست بە وۆرکشۆپەکە، نوێنەرایەتییان ئامادە بوون. لەناو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، هەریەک لە سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان، بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆکی هەموو شارەوانییەکان و سەرپەرشتیارانی ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان ئامادە بوون.

پاشان گفتوگۆ لەسەر یاساکە کرا و سەرەتا هەرەیەک لە د. فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، د. فەرهاد ئەترووشی پارێزگاری دهۆک و ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە، تێبینییەکانی خۆیان خستە ڕوو، دوای ئەوان سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، گفتوگۆیان لەسەر ئەو تێبینیانە کرد کە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دێنە بەردەمیان.

وۆرکشۆپەکە درێژەی کێشا بۆ دوای نیوەڕۆ، لە دانیشتنی دووەمدا، شیکردنەوە بۆ ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی 2018 تایبەت بە جێبەجێکردنەوەی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2018 له‌لایه‌ن موفیده‌ یونس ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار پێشكه‌ش كرا و جارێكی دیكه‌ گفتوگۆكان به‌رده‌وام بوون.

لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕاسپاردە و بڕیارەکانی وۆرکشۆپەکەی خوێندنەوە کە دەبێ ڕاستەوخۆ لەمڕۆوە دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت.

كۆبوونەوە
كۆبوونەوە

Back to top button