میدیاكانی یه‌كێتی باس له‌ داخستنی كه‌ی ئێن ئێن ده‌كه‌ن

خواكوڕك

دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڵسوڕاوێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند، خه‌ریكه‌ كه‌ناڵی فه‌رمی حزبه‌كه‌یان به‌هۆی نه‌بوونی پاره‌وه‌ داده‌خرێت، له‌ ئێستاشدا میدیاكانی یه‌كێتی كێشه‌كانی نێوان سه‌ركرده‌كانی گۆڕان له‌باره‌ی ستراتیژیه‌ت و به‌رنامه‌ و ئه‌ده‌بیاتی راگه‌یاندنی ئه‌و كه‌ناڵه‌ ئاشكراده‌كه‌ن.

پێشتر كه‌مال ره‌وف هه‌ڵسوڕاوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كارمه‌ندی كه‌ناڵه‌كه‌ له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایگه‌یاندبوو، به‌هۆی نه‌بوونی پاره‌ی پێویست بۆ كرێی مانگانه‌ی سه‌ته‌لایت خه‌ریكه‌ كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن داده‌خرێت، له‌كاتێكدا چه‌ندین كه‌س به‌هۆی ئه‌و كه‌ناله‌وه‌ بوونه‌ وه‌زیر و ئه‌ندام په‌رله‌مان و كۆش و ته‌لاریان به‌رزكردۆته‌وه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ چه‌ند میدیایه‌كی نزیك یه‌كێتی بڵاویان كردۆته‌وه‌ كه‌ ناكۆكی سەركردەكانی گۆڕان لەبوونی بۆچوونی جیاواز لەسەر بەڕێوەبردن‌و ئیدارەدانی بزووتنەوەكە سەرچاوەی گرتووە، هه‌وه‌رها ده‌شڵێن” رۆژ بەرۆژیش ناكۆكییەكان روو لەقووڵبوونەوە دەكەن”.

به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی ئه‌و میدیایانه‌، بەهۆی ئەو ناكۆكیانەی لەسەر ئیدارەدان ‌و بەرێوەبردنی كه‌ناڵه‌كه‌ لەنێوان سەركردەكان دروستبووە، ئەگەر زۆرە كەناڵی كەی ئێن ئێنی زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕان دابخرێت.

هه‌روه‌ها بڵاویاكردۆته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی چه‌ند راسپارده‌یه‌كی نه‌وشێروان مسته‌فای رێكخه‌ری بزووتنه‌وه‌كه‌، كه‌ ماوه‌ی چه‌ندین مانگه‌ خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی له‌ به‌ریتانیا ده‌ژین‌، ناكۆكی نێوان سه‌ركرده‌كانی گۆڕان قوڵتر بووه‌ته‌وه‌.

كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن له‌ماوه‌ی ساڵانانی رابردوو دا له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هێرشی تووندی ده‌كرده‌ سه‌ر مام جه‌لال و یه‌كێتی و سه‌ركرده‌كانی دیكه‌ی حیزبه‌كه‌، له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی به‌رنامه‌ و گه‌شته‌ هه‌واڵیه‌كانی، هه‌موو جۆره‌ وشه‌یه‌كی نابه‌جێ و تۆمه‌تی جۆراوجۆری ده‌خسته‌ پاڵ ئه‌و حزبه‌.

Back to top button