پارتی راگه‌یانراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

خواكوڕك

ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 24/12/2016  مه‌كته‌بی سیاسی پاری دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی به‌بۆنه‌ی رۆژبوونی پێغه‌مبه‌ری مه‌سیحیه‌كان بڵاوكرده‌وه‌ و رایده‌گه‌ینێت، “مایه‌ی شانازییه‌ كه‌ وێڕای هێرش و پیلانی تیرۆرستان و ناحه‌زانی ئارامی و پێكه‌وه‌یی، هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ لانكه‌ی پێكه‌وه‌ ژیان و ئاشته‌وایی و لێبوورده‌یی بووه‌”.

هه‌روه‌ها له‌راگه‌یانراوه‌كه‌ هاتووه‌، “له‌و ده‌رفه‌ته‌دا جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ سه‌ر زیاتر قووڵكردنه‌وه‌ی پره‌نسیپی پێكه‌وه‌ ژیان و گیانی لێبوورده‌یی له‌ نێوان گشت پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌كانی كوردستان و عێراق و به‌دیهاتنی گشت مافه‌كانیان”.

 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان:

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی مه‌سیح گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ خوشك و برا كریستیانه‌كانی كوردستان و عێراق و جیهان ده‌كه‌ین، هیوادارین هاتنه‌وه‌ی ئه‌و جه‌ژنه‌ مایه‌ی خۆشی و شادی و دڵنه‌وایی بێت بۆ گشت لایه‌ك، هه‌روه‌ها موژده‌به‌خشی ئاینده‌یه‌كی رۆشنتر و پڕخێروخۆشی بێت. مایه‌ی شانازییه‌ كه‌ وێڕای هێرش و پیلانی تیرۆرستان و ناحه‌زانی ئارامی و پێكه‌وه‌یی، هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ لانكه‌ی پێكه‌وه‌ ژیان و ئاشته‌وایی و لێبوورده‌یی بووه‌، هه‌میشه‌ نموونه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی شه‌به‌نگی برایه‌تی نێوان پێكهاته‌ هه‌مه‌ جۆره‌كان بووه‌، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ش رۆڵی گشت لایه‌ك له‌ قووڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و كوولتوره‌ دێرینه‌ و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی و روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ گرنگ و كاریگه‌ر و به‌رچاو بووه‌، بۆیه‌ دڵنیایین دوژمنان و ناحه‌زان نه‌ك ناتوانن ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ ره‌سه‌نه‌ له‌كه‌دار بكه‌ن، به‌ڵكه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌گوڕیشه‌ی ئه‌و شارستانیه‌ت و مێژووه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ هه‌رده‌م ئاوا پته‌وتر و به‌هێزتر ده‌بێت.له‌و ده‌رفه‌ته‌دا جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ سه‌ر زیاتر قووڵكردنه‌وه‌ی پره‌نسیپی پێكه‌وه‌ ژیان و گیانی لێبوورده‌یی له‌ نێوان گشت پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌كانی كوردستان و عێراق و به‌دیهاتنی گشت مافه‌كانیان، هه‌روه‌ك هه‌میشه‌ش سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ته‌ئكیدی له‌سه‌ر پاڵپشتی كردنی ئه‌و پره‌نسیپانه‌ كردۆته‌وه‌، ئێمه‌ش وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان پشتیوانی و هاوكاری و هاوسۆزی ته‌واوی خۆمان بۆ گشت پێكهاته‌ ئیتنی و نه‌ته‌وه‌یه‌ییه‌كان له‌وانه‌ش خوشك و برایانی مه‌سیحی له‌ خۆڕاگریان و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌م و ئازاره‌كانیان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه ‌و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هه‌وڵ و كۆششماندا بۆ پاراستن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاروشارۆچكه‌كانیان و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ربڵندانه‌ی ده‌ربه‌ده‌ر و ئاواره‌كان بۆ سه‌ر ماڵ وحاڵ و زێدی ره‌سه‌نی خۆیان. ئومێده‌وارین ئه‌م یاده‌ كۆتایی هێنان بێت به‌ كێشه‌ و گیروگرفت و قەیران و ده‌رده‌سه‌رییه‌كان و موژده‌ی ئاشتەوایی و به‌دیهاتنی دوا مافه‌كانی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌مان و ده‌سكه‌وتی باشتر و زیاتری پێ بێت.جارێكی دیكه‌ جه‌ژنتان پیرۆز بێت و هه‌ر رۆژێكتان جه‌ژن و شادی و به‌خته‌وه‌ری بێت.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان 24/12/2016

Back to top button