سامان بەرزنجی : وەزارەتی تەندروستی سەرقاڵی دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەرێكە بۆ كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتووچۆ
بەمەبەستی کەمکردنەوەی قوربانییەكانی ڕووداوەكانی (هاتوچوو – كڕێكاران لەكاتی كاركردنیاندا)، وە پابەند بوونی شۆفێران بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ وە بەتایبەتیش ماتۆڕسكیلەكان، وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندی دارەكان سەرقاڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەرێكە.
لە یەكەمین كۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندی دارەكان كە بە چاودێری دكتۆر سامان حسێن بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە دیوانی وەزارەتی تەندروستی بەڕێوەچوو، بەووردی تیشكخرایە سەر هۆكارەكانی زیادبوونی ڕووداوەكانی هاتووچۆ، كە جگە لە زیانی گیانی و ماڵی هاوكات بوونەتە بارگرانییەك بەسەر كەرتی تەندروستییەوە.
د. ئارام سەعدوون، ڕاوێژكاری وەزیری تەندروستی بە وودی تیشكی خستە سەر هۆكارەكانی قوربانیانی هاتوچۆ وكرێكاران، كە بەهۆی باپەندنەبوون بە بەكارنەهێنانی پشتوێنی سەلامەتی و خۆنەبەستنەوەیان لەكاتی ڕووداوەكان قوربانی نەخوازراوی لێدەكەوێتەوە و زیانی زۆر بەرجەستەیان دەكەوێت.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا بەووردی باس لە سەرپێچیكردنی ماتۆرسكیلەكان كرا كە لە 30% ڕووداوەكان پێكدێنن، بەتایبەت ئەوماتۆرسكیلانە بەهۆی بەكارنەهێنانی كڵاو و سەرچۆك زیانی زۆر بەر جەستەیان دەكەوێت و بەهۆی مانەوەشیان لە نەخۆشخانەكانی حكوومەت تا چاكدەبنەوە ڕۆژانە خەرجییان 500 – 800 دۆلار لەسەر وەزارەتی تەندروستی دەكەوێت، كە ئەمەش بارگرانییەكی زۆرە لەسەر كەرتی تەندروستی .
ڕاوێژكاری وەزیری تەندروستی داوایكرد لە لایەنە پەیوەندی دارەكان كە ڕێگری لە سەرپێچیكردنی ماتۆرسكیلەكان بكەن و جەختكرایەوەكە دەبێت شۆفێرانی ماتۆرسكیلەكان کڵاو و سەرچۆک بەکار بهێنن و پابەند بن بە ترافیک لاییتەکان.
لە لایەن خۆشیانەوە نوێنەرانی هەریەك لەوەزارەتە پەیوەندیدارەكان بڕیاریاندا كۆنوسێك ئامادەبكەن و لە چەند خاڵێكدا بەووردی هۆكارەكان و چۆنیەتی ڕێگری لەكەمبونەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ و كرێكاران ئامادەبكەن و لە كۆبوونەوەی داهاتوودا تاوتوێی بكەن.
كۆبوونەوەكە بە بەشداری ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرەگشتییەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون و بەرپرسی چاودێری چڕی ب.گ تەندروستی هەولێر لەگەڵ وەزارەتەكانی (ناوخۆ، پەروەردە، شارەوانی، کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەوقاف) بەڕێوەچوو.