بزووتنەوەی گۆڕان دوولەت دەبێت, ئەگەری دەستلەكار كێشانەوەی بەكۆمەڵ هەیە

خەواكوڕك
لەسەرخراپی ئیدارەدانی بزووتنەوەی گۆڕان‌و بەڕێوەبردنی ناكۆكی دەكەوێتە ناو سەركردەكانی بزووتنەوەی گۆڕان‌, بە جۆرێك كە پەیوەندی لە نێوان بەشێك لەسەركردەكانی گۆڕان نەماوە و بەو هۆیەشەوە ئەگەری داخستنی كەناڵی كەی ئێن ئێنی ئۆرگانی فەرمی بزووتنەوەكە هەیە.

سەرچاوەیەكی تایبەت بە (خواكوڕك)ی راگەیاند:” بزووتنەوەی گۆڕان لەدوای دروست بوونی تا بە ئەمڕۆ دەگات, ئێستا لە خراپترین ئاستی پەیوەندی ناوەخۆیی دایە, بەجۆرێك كە ناكۆكی قوڵ كەوتۆتە نێو سەركردەكانی گۆڕان بەهۆی ئەوەی بۆچوونی جیاواز لەسەر بەڕێوەبردن‌و ئیدارەدانی بزووتنەوەكە هەیە, ئەمەلەكاتێدا یەكتری تۆمەتباركردن لەنێوان چەند گروپێكی جیاواز هەیە وە رۆژ بەرۆژیش ناكۆكییەكان روو لەقووڵبوونەوە دەكەن كە ئەگەری هەیە, لە بۆشایی نەبوونی نەوشیروان مستەفا ئەگەری دوو لەتبوونی بزووتنەوەی گۆڕان هەیە.

سەرچاوەكەی خواكوڕك گوتیشی:” بابەتی داخستنی كەناڵێ‌ كەی ئێن ئێنی زمان حالی بزووتنەوەكە پەیوەندی بە تێگەیشتنی جیاواز هەیە لەسەر چۆنیەتی كاركردنی كەناڵەكە كە لایەنێك پێی وایە كەنالەكە تەنها خراوەتە خزمەت چەند كەسێكی دیاری كراو, بۆیە ئەوان ئامادەنین لە رووی داراییەوە هاوكاری بكەن كە دوێنێ‌ لە پۆستێكی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكدا بەڕێوەبەری كەنالەكە داوای هاوكاری لە ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕان كرد.

ئەم سەرچاوەیە دەشلێت:” بەشێكی دیكەی قولبوونەوەی ناكۆكیەكان پەیوەندی بە هەڵوێست‌و راسپاردەیەكی نەوشیروان مستەفا هەیە بۆ چەند سەركردەیەكی گۆڕان, چەند سەركردەیەكی لێ پەراویزخراوە, كە ئەمەش ناكۆكییەكانی بزووتنەوەكەی زیاتر كردووەو تائێستاش ناوبراو هیچ هەڵوێستێكی لەو بارەوە رانەگەیاندووە.

شایەنی باسە ئەم ناكۆكیانەی گۆڕان لە ترۆپكی تەقینەوەدان, رەنگە دەستلەكار كێشانەوەی بە كۆمەڵی لێ‌ بكەوێتەوە یان بزووتنەوەكە دووڵەت ببێت, هەروەها ناكۆكییەكانی سەركردەكانی گۆڕان لەكاتێكدایە، كە ئێستا نەوشیروان مستەفای رێكخەری بزووتنەوەكە لەدەرەوەی هەرێمی كوردستانەو كاتی گەڕانەوەشی بۆ هەرێم دیارنییە.

Back to top button