ڕاگەیەندراوێك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

خواكوڕك
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی جەژنی لە دایكبوونی حەزرەتی مەسیح پەیامێك بۆ مەسیحییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەنێرێت.

لە پەیامەكەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە كە بەداخەوە هێشتە چەندین شوێنی تری خوشك و برایانی مەسیحی و پێكهاتەكانی تر لەژێرچەپۆكی ڕەشی تیرۆردا ماون و بە سەدان هەزار كەس لە خوشك و بریانی مەسیحی و پێكهاتەكان، لە میوانداریی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، ژیانی ئاوارەیی و سەختییەكانی بەسەر دەبەن.

دەقی پەیامەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:

بەگەرمی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح “سڵاوی خوای لێبێت”، لە گشت خوشك و برایانی مەسیحی لە كوردستان و عیراق و تەواوی جیهان و لە هەموو مرۆڤایەتی پیرۆز دەكەین. هیوادارین ئەم جەژنە پیرۆزە ببێتە جەژنی گەڕانەی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری بۆ خوشك و برایانی مەسیحی لە كوردستان و عیراق و جەژنەكانی داهاتوو لە سایەی سەركەوتن و ڕزگاركردنی تەواوی ناوچەكانیان لە دەستی تیرۆر و لەناوبردنی تیرۆرستان بكەینەوە، بە سەركەوتوویی و سەرفرازی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.

ئەمساڵ جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح “سڵاوی خوای لێبێت” لە كاتێكدا دێتەوە، كە خۆشبەختانە وێڕای شكاندنی تیرۆرستان و دەركردنیان لە ناوچەیەكی بەرفراوانی كوردستان و عیراق، بەداخەوە هێشتا چەندین شوێنی دیكەی‌ خوشك و برایانی مەسیحی و پێكهاتەكانی دیكە لەژێر چەپۆكی ڕەشی تیرۆردا ماون و بە سەدان هەزار كەس لە خوشك و بریانی مەسیحی و پێكهاتەكان، لە میوانداریی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، ژیانی ئاوارەیی و سەختییەكانی بەسەر دەبەن. بەم بۆنەیەوە وێڕای ڕێز و پێزانین بۆ میوانپەروەری و میواندۆستیی خەڵكی كوردستان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە كە سەرەڕای هەموو قەیرانەكانیش، لە هەموو هەوڵ و كۆششەكانی بۆ خزمەتكردنی ئاوارە و پەنابەران لە خوشك و برایانی مەسیحی و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی دیكە و لەپێناو مانەوە و بەردەوامیی كەلتووری پێكەوەژیان و لێبوردەیی،بەردەوام دەبێت.
هیوادارین هەموومان پێكەوە جەژن و بۆنەكانی دیكە لە سەركەوتن و كامەرانی و نەمانی تیرۆر و ئاشتی و ئاوەدانیدا بكەینەوە. دووبارە جەژنەكانی لەدایكبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح “سڵاوی خوای لێبێت”، و سەری ساڵی تازەی زایینی پیرۆز بێت. هەر شاد و سەركەوتوو بن.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

Back to top button