راگه‌یێندراوێك له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ  چوارشەممە 12 ی 2 ی 2020  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌ باره‌ی یاسای چاكسازی  و چه‌ند پرسێكی دیكه‌  و دوای کۆبوونەوەکەش ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
له‌ راگه‌یێندراوێكدا كه‌ له‌ مالپه‌ڕی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ هاتووه‌، ” لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و سەرۆکی داواکاری گشتی ئامادەیبوون، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەیدا بە گرنگی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 و گوتی ئەنجامدانی چاکسازی خواست و داوای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنەکان بوو. بۆیە داوا لەپارت و لایەنە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم دوور لە موزایەدە و بە کردەوە، پشتگیریی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بکەن”.
ئاماژە بەوەش دراوە، ” سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبێت و هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە. گوتیشی هەر لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی دارایی وکارگێڕیدا کار لە سەر رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەوانەش داهاتی نەوت  وگاز دەکەین کە دەمانەوێت شەفاف و روون بێت، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان”.
ڕاگەیەندراوەکە دەشڵێت، ” لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرەکانی راسپارد کە لە ماوەی پازدە رۆژدا، پێشنیارەکانی خۆیان بۆ رەشنووسی پەیڕەوی ئاسانکاريی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئامادە بکەن و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
هەر لە کۆبوونەکەدا بڕیاردرا لیژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامێتی جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک وەزیری پەیوەندیدار پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، ” ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی رۆڵی دامەزراوەکانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی  كردەوە لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاساکە”.
Back to top button