سەرۆكوەزیرانی كوردستان ناوەرۆكی كۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی راگەیاند
لە پەیچی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فیسبووك سەرۆكوەزیرانی كوردستان راگەیاند”ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/2/12 لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا دووپاتمان لە گرنگی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 کردەوە، کە ئەنجامدانی چاکسازی خواست و داوای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنەکانە”.
هەر لە راگەیاندراوەكەی سەرۆكوەزیرانی كوردستاندا هاتووە” داوامان لەپارت و لایەنە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد دوور لە موزایەدە و بە کردەوە، پشتگیریی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بکەن، جەختیشمان لەوە کردەوە، کە پرۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبێت و هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە، هەر لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی دارایی وکارگێڕیدا کار لە سەر رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، لەوانەش داهاتی نەوت وگاز دەکەین.
هەر لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە” لە کۆبوونەوەکەدا ، وەزیرەکانمان راسپارد لە ماوەی 15 رۆژدا ، پێشنیارەکانی خۆیان بۆ رەشنووسی پەیڕەوی ئاسانکاريی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئامادە بکەن و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
لەكۆتایی دا سەرۆكوەزیرانی كوردستان راشی گەیاندووە” هەروەها بڕیارماندا لیژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامێتی جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک وەزیری پەیوەندیدار پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان و لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاساکەشدا جەختمان لە گرنگیی رۆڵی دامەزراوەکانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی كردەوە.