رێگهی نێوان ههولێر ـ سۆران داخرا
قایمقامی قەزای سۆران رایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرهوه، رێگەی نێوان هەولێر – سۆران تا دەگاتە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران داخراوە.
کرمانج عزەت، قایمقامی سۆران لە لاپهڕهی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویكردووهتهوه: رێگەکانی نێوان (هەولێر – سۆران)، (سۆران بۆ حاجی ئۆمەران و سیدەکان و مێرگەسۆر و خەلیفان و رانیە) بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە گیراوه.
هاوکات داوای لە هاوڵاتیان کرد، هاتوچۆکردن بە تەواوەتی لەم رێگایانە رابگرن تا ئەو کاتەی تیمەکانیان سەرجەم رێگەکان پاک دەکەنەوە.
داواشی لە بەڵێندەران و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کرد، هاوکاریی تیمەکانی شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە بکەن و بە شۆفەڵ و کرێدەرەکانیان هاوکار بن، تا بتوانن بەسەر ئەو تەوژمە بەردەوامەی بەفردا زاڵ بن.