سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەکات
ئەمڕۆ پێنج شەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکوومی، بەرەو ئەڵمانیا بەڕێ دەکەوێت بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن.
بڕیارە لەو کۆنفرانسەدا کە رۆژانی 14-16ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاوی بە گەورە بەرپرسان و بڕیاربەدەستانی جیهانی بکەوێت کە لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن و بارودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوتوێ بکات.
ماوەی چەند ساڵێکە مەسرور بارزانی یەکێکە لە بەشدارە سەرەکییەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە ”لە پەراوێزی کۆنفرانسی میونشن چەندین دیدارمان لە گەڵ گەورە بەرپرسانی جیهان دەبێت و باس لە قوربانیدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکان لە شەڕی دژی تیرۆر و هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش و تیرۆر دەکەین کە پێویستی بە هەماهەنگی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسیانە.“