ناوی بەشێك لەوەزیرەكانی كابینەكەی محهمهد تۆفیق عهلاوی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق دزەی پێدەكرێت و ئاشكرا دەكرێن
سەرچاوەیەكی سیاسی بۆ میدیا عێراقییەكان باسی لەوەكردووە، محهمهد تۆفیق عهلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو دەیەوێت كابینە وەزارییەكەی پێشكەشی ئەنجوومەنی وەزیران بكات پێش كۆتایی هاتنی ئەوماوە یاساییەی لەبەردەمیدایە، كە ٣٠ رۆژە لەدوای راسپاردنی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە .
هەروەك ئاشكرایكردووە، عەلاوی توانیویەتی ژمارەیەك كەسایەتی و سیاسی رازی بكات بەوەی پۆستە وەزارییەكانی ناو كابینەكەی وەربگرن.
رونیشیكردووەتەوە، خالید عوبیدی وەزیری پێشووی بەرگری رەزامەندی دەربڕیوە بەوەی بەشێك بێت لەكابینەكەی عەلاوی بەو مەرجەی كار لەسەر هەڵدانەوەی دۆسییەكانی گەندەڵی بكات.
جگە لەوەی فەریق عەبدولوەهاب ساعدی رەزامەندی دەربڕیوە بەوەی بێتە ناو كابینە نوێكەی عەلاوییەوەو پۆستێكی وەزارەی وەربگرێت.
هەروەها لەناو ئەو كەسایەتییە سەربەخۆیانەی رەزامەندیان داوە بێنە ناو حكومەتەكەی عەلاوی هەریەك لە سینان چەلەبی و عەبدوڵڵا جبووری و بەنگین ڕێكانی و سەعد محەمەد حوسێن ساماڕایی هەن.
یەكێكی تریش لەو كەسانەی یەكلابووەتەوە، كە بەشدار دەبێت لە كابینەی نوێی حكومەت بریتییە لە عەبدولغەننی ئەسەدیی.
هەر بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە هیشتا كوتلە سیاسییەكان داوای بەركەوتەی هەڵبژاردنیان دەكەن بەجۆرێك خۆیان چەند كەسێك دەستنیشان بكەن، كە پێشتر بەشداریان لە پرۆسەی سیاسیدا نەكردبێت و عەلاوییش سەیری دۆسییەكانیان بكات و دواتر بڕیار لەسەر دەستنیشانكردنیان بدات .