نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بارەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ڕاگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە
لەو راگەیەندراوەدا نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان روو لە جەماوەری کوردستان دەکات و با س لە ڕەزامەندی سەرۆک وەزیران دەکات بۆ جێبەجی کردنی پرۆژەکە و بەڵێنی جێبەجێکردنی دەدات .
دەقی ڕاگەیەندراوەکە
“جەماوەری خۆشەویستی شاری هەڵمەت و قوربانی ئاگادار دەکەینەوە، کە لە دوای پێداچوونەوەی لیژنە تەکنیکییەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆژە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و بە ڕەچاوکردنی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، زۆرێک لە پڕۆژەکان ئامادەی جێبەجێکردن کراون، لەوانەش پڕۆژەی شەقامی سەدمەتریی سلێمانی لە لایەن بەڕێز سەرۆک وەزیرانەوە بە هەمان دیزایینی خۆی ڕەزامەندیی لەسەر دراوە و لەم نزیکانە و دوای گونجاوبوونی کەشوهەوا و ئامادەکارییە بەراییەکان، دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت. لە هەمان کاتدا ئامادەکاریی بۆ خستنەگەڕی پڕۆژەی دیکە لە پارێزگای هەڵەبجەش دەکرێت، لەوانەش پڕۆژەی پردی تووەقوتە، کە هەڵەبجە و دەربەندیخان بەیەکتر دەبەستێتەوە.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان