بۆچی بەشداری شاندی باڵای هەرێم لە کۆنگرەی ئاسایشی میونشن بۆ ئاسایشی جیهانی گرینگە ؟

 

 

لەمبارەوە شارەزایەکی بواری ئاسایش لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان (kdp.info) باس لە چەند خاڵی سەرەکی و بەهێز دەکات و دەڵیت ، ئەوە دەرخەرێ ڕاستییەکی گرینگە کە کوردستان وەک فاکتەرێکی بەهێز لە ناو هاوکێشە نێودەوڵەتیەکاندا دەتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت .

 

نیاز حاجی شارەزا لە بواری ئاسایش گووتی “لە کۆنگرەی میونشن بابەتی هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی جیهان و گۆڕانی هاوسەنگی هێز گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، هەروەها کیشە و شەڕ و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و ڤایرۆسی کۆرۆنا و دۆسیەی کۆچبەران و ئاسایشی وزە ئه‌و ته‌وه‌رانەن‌ که‌ گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ ده‌کرێت، با وردتر بڵێین شەڕ و ململانێ و ناسەقامگیرییەکانی لیبیا و عێراق و سووریا و یەمەن و لوبنان، ململانێی ئەمەریکا و ئیران و ئەمەریکا و کۆریای باشوور و ناسەقامگیریی دۆخی ناوخۆی ئەسیوبیا و بۆرکینافاسۆ و کشمیر و ڤەنزۆڤیلا و ئۆکرانیا قسەیان لە سەر دەکرێت .

 

سەبارەت بە بەشداری کەسایەتیەکان دەڵێت بەشێکی گرینگ بەشداری 600 کەسایەتی سیاسی لە سەرۆک وەزیران و ڕیبەران و دیپلۆماتکارانە لەم کۆنگرەیەدا کە بڕیاردەرن لە سەر ئاستی جیهانی ، بۆ نموونە  سەرۆک ماکرۆن و سەرۆکوەزیرانی کەنەدا و هەرسێ وەزیری بەرگری و دەرەوە و وزەی ئەمەریکا لەگەڵ نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوینەرانی ئه‌مەریکا و چەند کۆنگرێسمانێک، هەروەها وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و چین و یابان و کۆمەڵێک وەزیر و سەرۆکوەزیرانی تری وڵاتان و خاوەنی کۆمپانیای تۆڕی کۆمەڵایەتیی فیسبووک تێیدا به‌شدارن کە وەک دەزانن بڕیاردەری سەرەکین .

 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا نیاز حاجی هەر سەبارەت بەگرینگی بەشداری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چەند کۆنگرەیەک هەیە لەسەر ئاستی جیهانی کە جگە له ‌دەوڵەتەکان، هەرێمەکان و کەسایەتییە کاریگەرەکانی سەر ئاستی جیهانیش بەشدارییان تیدا دەکەن، بۆ نموونە کۆنگرەی داڤۆس، کە زیاتر کۆبوونەوەیەکی ئابوورییە، ھەروەھا کۆنگرەی میونشن، ‌کە پەیوەندیی بە ئاسایشی جیهانه‌وه‌ هه‌یه‌، لەگەڵ کۆبوونەوە و کۆنگرەکانی کەشوهەوا. بیگومان لە هەردوو ئەو کۆبوونەوانەی کە پەیوەندییان بە ئابووری و ئاسایش و بەرگرییەوە هەیە، کورد لە حەوت ساڵی ڕابردوودا به‌شداریی باشی تێدا هەبووە، وەک بیرھێنانەوە، لە ساڵانی بیسته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، کاتێک دوای جەنگی جیھانیی یەکەم نەخشەی ناوچەکە داڕێژرایەوە، کورد بە ھیچ شێوەیەک نزیکی بڕیاربەدەستانی ئەوکات نەبووە و بەشداریش نەبوو لەو ڕێککەوتن و کۆبوونەوە و کۆنگرانەی ئەوکات ئەنجام دەدران، بۆیە کورد بێبەش کرا لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی، بەڵام دوای سەد ساڵ، دەبینین کورد به‌شداریی کارا و کاریگەری هەیە لە کۆنفرانس و کۆنگرەکانی جیھاندا، کە ئەمەش مایەی بایەخی زۆرە و ئومێدبەخشە.” ھەروەک لە ڕاگەیاندنەکاندا دەگوترێت، کە کورد وەک ساڵانی پێشوو، ئەم جارەش به‌شداریی کۆنگرەی میونشن ده‌بێت، کە بریتیە لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم بەشدارییە باڵایە گرنگە و کاریگەریی دەبێت لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەم کۆنگرەیە و کۆنگرەکانی تریش.

 

 

سەبارەت بە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاسایشی جیهانی ، نیاز حاجی ڕای وایە ، ڕۆڵی هه‌رێمی کوردستان دا له‌ دابینکردنی ئاسایشی جیهانی و ڕایگه‌یاند: “هەرێمی کوردستان هەرێمێکی سەقامگیرە لە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێدا، ئه‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌ خاڵه‌ گرینگه‌کان، دووه‌م هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە شەڕی داسەپاوی داعش و تیکشکاندنیان کە ئەو کۆنگرەیەش پەیوەندیی بە ئاسایشه‌وه‌ هەیە، داعشیش یەکێک لەو کارەکتەرانەیە کە مەترسی بوو لەسەر ئاسایشی جیهان، کەواتە بەشداریی کورد بەشێکی بۆ ئەوەیە کە ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە تێکشکاندنی داعشدا و ئەو ڕۆڵەش بەردەوام دەبێت، چونکە خاوەنی هێزێکی شەڕکەرە بە ناوی هێزی پیشمەرگەی کوردستان و بوونی کرداریی هەیە و ھەبووە لە شەڕی دژ بە داعش و هێزێکی نزیکە له‌ هاوپەیمانان و ڕۆژئاوا و پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ ڕەچاو دەکات، ھەروەھا هەرێمی کوردستان لەو ململانێیانەی لە ماوەی ڕابردوودا کە لە ناوچەکەدا بوونی ھەیە، هاوسەنگیی پاراستووە، کە ئەمەش وا دەخوازێت، کورد بوونی هه‌بێت و لەو جۆرە کۆنگرانە بانگهێشت بکرێت، بۆیە بەبێ بەشداریی کورد هاوکێشەکانی ئەمن و ئاسایش لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و ھەرێمی و بگرە جیھانیش شیکار نابێت

 

لە بەشێکی شرۆڤەی پێناسەی کۆنگرەی میونشن نیاز حاجی ەڵیت “کۆنگرەی میونشن کۆنگرەیەکی بێلایه‌ن و سەربەخۆیە، ئەو لایەنانەی تێیدا بەشداری دەکەن ده‌توانن پەیوەندی لەگەڵ یەک گرێ بدەن، واتا کۆنگرەکە وەک ناوەندێکە تێیدا لایەنەکان گفتوگو و کۆبوونەوە و ڕیککەوتنی دولایەنە و چەندلایەنە و لابەلا ده‌که‌ن، کەواتە هەم بەشداربوون لە پانێڵەکان گرنگە، هەم پەیوەندییە لاوەکییەکان

 

لە کۆتا وڵامی پرسیارەکاندا سەبارەت بە بانگهێشتی هەرێمی کە ئاخۆ ئەوە ئاماژەیە بە کوردستانێکی بەهێز دەڵێت ، بێگومان بەشداری و بوونی هەرێمی کوردستان لەم گۆنگرانەدا واتای بوونی کوردستانیکی بەهێز دەگەیەنێت، ئەمە بەو مانایەی کە بەبێ کورد هاوکێشەکان تەواو شیکار نابن، ئەوە ئاماژه‌ی ئەوە دەگەیەنێت کە کورد لە پێگەیەکی بەهێزدایە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کە بەھۆیەوە دەتوانێت ھەم خۆی بپارێزێت و ھەم دۆزە ڕەواکەیشی بەرەو پێش ببات.”

 

Back to top button