یانەی یۆڤێنتۆس گرێبەستێکی خەیاڵی پێشکەش بە گواردیۆلا دەکات

بەمەبەستی دروستکردنی تیپێکی بەهێز و بردنەوەی چامپیۆنزلیگ یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتالی گرێبەستێکی نایاب دەخاتە بەردەم پیپ گواردیۆلا ڕاهێنەری مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بۆ ئەوەی پۆستی ڕاهێنەرایەتی خانمە پیرەکە بگرێتە ئەستۆ.

ڕۆژنامەی (سەن)ی ئینگلیزی بڵاویکردووتەوە کە بەرپرسانی یانەی یۆڤێنتۆس هەوڵی جیدی دەدەن بۆ ئەوەی پیپ گواردیۆلا بە پڕۆژە تازەکەی یانەکە ڕازی بکەن تا ڕاهێنەرە ئیسپانییەکە بێتە تۆرینۆ و پۆستی ڕاهێنەرایەتی یۆڤێنتۆس وەربگرێت، بەگوێرەی ڕۆژنامە ئینگلیزییەکە یانەی یۆڤی بەڵێنیان بە گواردیۆلا داوە کە جگە لە دابین کردنی مووچەیەکی خەیاڵی هەوڵی ئەوە بدەن کە لیۆنێل مێسی بۆ یانەی یۆڤێنتۆس بهێنن و خەونی یاریکردنی مێسی و ڕۆناڵدۆ لە یەک تیپ بەدی بهێنن.

جێی باسە، مێسی بە پشت بەستن بە بڕگەیەکی گرێبەستەکەی دەتوانێت بێ هیچ کێشەیەک لە هاوینی داهاتوودا بارسێلۆنا بەجێ بهێڵێت، لەکاتێکدا پیپ گواردیۆلا دوای وەرزێکی خراپ لەگەڵ مان سیتی تا ئێستا گرێبەستی تازەی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە واژۆ نەکردوەتەوە بۆیە ڕۆیشتنی لە یاریگای ئیتحاد ڕێگای تێ دەچێت.

Back to top button