سكرتێری حدك: كۆماری ئیسلامی ئێران به‌تیرۆر خه‌باتی گه‌ڵێكی بۆ ناوه‌ستێنرێت

خواكوڕك

ئه‌مرۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 25/12/2016 له‌باره‌گای ده‌فته‌ری سیاسی حدك له‌شاری كۆیه‌ ١٧حزب و لایەنى سیاسى به‌شداریان له‌ كۆبوونه‌ه‌ویه‌ك كرد كه‌له‌لایه‌ن (حدك)ه‌وه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی خالید عه‌زیزی سكرتێری گشتی حزب ئاماده‌كرابوو.

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خالید عه‌زیزی سكرتێری گشتی حدك كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ئه‌نجامدا و رایگه‌یاند، “بەشداری كردنی پارتەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان رێزگرتنە لە دوایین قوربانییەکانی تیرۆری کۆماری ئیسلامی”.

خالید عه‌زیزی رایده‌گه‌ینێت كه‌ دوو ئامانجان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌ و ده‌ڵێت، “یەکەمیان بە کوردانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بوترێت ئەو تەقینەوانەى لەبەردەم حزبى دیموکراتى کوردستان ڕوویدا ساردییان ناکاتەوە لە خەبات لەبەرامبەر کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ بەدەستهێنانى مافى کوردان”.

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ئامانجی دووه‌مه‌ پێیوایه‌، “ده‌بێت بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بێت کە هەموو لایەنە سیاسیەکانى هەرێم لە هەمو بارودۆخێکدا لەپشتى یەکن و خەباتیان له‌ پێناو ئامانجێكه‌ بۆ کوردان”.

سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت، “ئەگەر بڕیار بوایە بە دوای تیرۆرێک و کوشتنی چەند لە هاوڕێیانی ئێمە و بەدوای ئەو نەهامەتیانەی کۆماری ئیسلامی بەسەر حیزب و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی هێناوە، خەباتمان راگرتبایە، دەبوو دەمێک بوو ئەوەمان کردبا”.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت. “بەڵام کۆماری ئیسلامی و ئەو لایەنانەی کێشەیان لەگەڵ کورد هەیە دەبێت لەیەک شت بگەن ئەویش ئەوەیە، کێشەی میللەتێک کە لەسەر مافەکانی خۆی حیزب و رێکخراوی سیاسی دروستکردووە و بەدوای جێخستنی مافەکانی خۆیدا دەگەڕێت، لە رێگای شەڕ و پێکدادان و تیرۆر و تۆقاندن چارەسەر نابێت”.

له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مرۆی حدك نوێنه‌ری هه‌ریه‌كه‌ له حزبه‌كانی ‌ پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ ئاماده‌ نه‌بوون، و خالید عه‌زیزیش له‌و باره‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ داوه‌تنامه‌ بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان نێردراوه‌.

شه‌وی سێ شه‌ممه‌ 20/12/2016 دوو تەقینەوە لە بەردەم بارەگاى حزبى دیموکراتى کوردستان لە کۆیە ڕوویاندا بووه‌ هۆی شەهیدبوونی پێنج پیشمەرگەی ئەو حیزبە و دوو كارمەندی ئاسایش.

Back to top button