سیسته‌می بایۆمه‌تری هۆكاره‌ بۆ خه‌رج كردنی مووچه‌ قه‌رزه‌كانی سه‌ر حكومه‌ت

خواكوڕك

دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌ت هه‌رێم بڕیاریدا له‌رێگه‌ سیسته‌می بایۆمه‌تری سه‌رژمێر و ناونووسی دووباره‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندانی خۆی بكات به‌مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی مووچه‌ی بندیوار و دوو مووچه‌یی، له‌ ئێستاشدا ئه‌و سیسته‌مه‌ به‌باشی ئامانجه‌كانی خۆی پێكاوه‌.

به‌پێی داتا نافه‌رمیه‌كان تا ئێستا له‌ كۆی یه‌ك ملیۆن و 400 هه‌زار مووچه‌خۆری هه‌رێم، ته‌نها 450 هه‌زار كه‌س به‌و سیسته‌مه‌دا تێپه‌ڕێوه‌ و مووچه‌كه‌ی جێگیركراوه‌، و ته‌نها 40 رۆژیش له‌به‌رده‌م ئه‌و ژماره‌ی دیكه‌دا ماوه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌ سیسته‌مه‌كه‌دا تێپه‌ڕن.

سه‌رچاوه‌یه‌كی زانیاری ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ هۆكاری كه‌می ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ به‌و سیسته‌مه‌دا تێپه‌ڕێون ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكانێكی زۆر دوو مووچه‌یان هه‌یه‌ یان مووچه‌خۆری بن دیوارن. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌شڵێت، ره‌نگه‌ تا كۆتایی ماوه‌كه‌ ته‌نها تا سنوری 800 هه‌زار كه‌س بمێنێته‌وه‌ وه‌ك مووچه‌خۆری سه‌ره‌كی له‌م هه‌رێمه‌.

به‌پێی زانیاریه‌كانی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، دوای كۆتایی هاتنی واده‌ی جێبه‌جێ كردنی به‌سیسته‌م كردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، حكومه‌ت نیوه‌ی ژماره‌ی ئێستای مووچه‌خۆری له‌ كۆڵ ده‌بێته‌وه‌، به‌مه‌ش خه‌رجیه‌كی زۆر له‌سه‌رشانی حكومه‌ت نامێنێ و ده‌توانێت چاكسازی گه‌وره‌ له‌بواری مووچه‌ ئه‌نجام بدات.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌شتا ناوچه‌ی جیاجیای كوردستان سه‌نته‌ری تایبه‌ت به‌م سیسته‌مه‌ دابین كردووه‌، به‌ پێی ئه‌م سیسته‌مه‌ كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك ئامێری زیره‌كی بایۆمه‌تری، په‌نجه‌مۆری هه‌ر ده‌ په‌نجه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌گه‌ڵ وێنه‌ی هاوێنه‌یی چاو وه‌رده‌گیرێت، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك كۆدی تایبه‌تی خۆی ده‌بێت.

Back to top button