ناوی کاندیدانی پۆستە وزارییەکانی کابینەکەی عەللاوی ئاشکراکرا

سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عیراق لەم هەفتەیەدا تەواوی کابینەکەی ئاراستەی پەرلەمانی عێراق دەکات، هەروەها ناوی بەشێك لە کاندیدانی پۆستە وزارییەکان ئاشکراکرا. 
میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، “محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق کۆتایی ئەم هەفتەیە تەواوی کابینە وزارییەکەی ئاڕاستەی پەرلەمان دەکات، هەروەها بەپێی زانیارییەکان فه‌ریق روكن عه‌بدولوه‌هاب ساعدی بۆ پۆستی وه‌زیری ناوخۆ و فه‌ریق روكن جومعه‌ عناد بۆ پۆستی وه‌زیری به‌رگری کاندیدکراون”.
ئاماژە بەوەشکراوە، ” عه‌لی ده‌هوی بۆ پۆستی وه‌زیری په‌یوه‌ندیه‌كان و سه‌لام سمیسم بۆ پۆستی وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی کاندیدکراون، هەروەها سەبارەت بە دیاریکردنی سەفیە سوهەیل یان سەڵاح تەمیمی بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی عێراق گفتوگۆکان بەردەوامن”.
ئەمەش لەکاتێکدایە زیاتر لە پێنج مانگە خۆپیشاندان و ناڕەزای لە بەغدای پایتەخت و ژمارەیەک شاری دیکەی باشووری عێراق دژی گەندەڵی سیستمی حکومڕانی بەردەوامە و پاش دوو مانگ لە خۆپیشاندان عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستی لەکارکێشایەوە و یەکی ئەم مانگەش بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق محەمەد تۆفیق عەللاوی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاسپارد.
Back to top button