خاڵی سه‌روین ئیدانه‌ی قسه‌كانی سۆران عومه‌ر ده‌كات

خواكوڕك

دۆسیه‌ی سوتانی كچێك به‌ناوی (سه‌روین نۆبه‌دار) له‌ مێرگه‌سۆر ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ بۆته‌ جێگه‌ی مشتومڕی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و راگه‌یاندنه‌كان، له‌ ئێستاشدا سۆران عومه‌ر خۆی خزاندۆته‌ نێو باسه‌كه‌ و پرسه‌كه‌ی به‌ سیاسی كردووه‌.

له‌باره‌ی لێدوانێكی سۆران عومه‌ر، یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی كچه‌كه كه‌ خۆشی مامۆستای زانكۆ و چاڵاكوانی بواری ئافره‌تانه‌ ده‌نووسێت، “بەر لەهەر شتێک وەکو چالاکوانێکی بواری مافی مرۆڤ، لەسەر پرسی سەروینی خوارزامان، بە مەبەستی پاراستنی بەها و گرتنەبەری رێوشوێن و دەرکەوتنی دەرئەنجامەکان، داواکارم هیچ کەس و دەزگا و دامەزراوەیەک توانج و بڕیاری پێشوەختە لەسەر ئەم تراژیدیایە نەدات”.

‌ فه‌رزین كه‌ریم له‌پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ فه‌یسبوك بابه‌تێكی له‌ژێرناونیشانی داواكاری بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ وێنه‌یه‌كی قوربانیه‌كه‌شی داناوه‌، ده‌نوسێت، “ئەوپەڕی بێویژدانیە، ئەم دۆسیە بۆ مەرامی سیاسی یان بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربهێنرێت، چونکە دەبێتە پتر تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی”.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، “سۆران عومەر، لەکاتێکدا خۆی دۆسیەی لە دادگا هەیە، بەناوی بنەماڵەی ئێمە قسە دەکات. لەم ئاڵۆزیەدا کە لێکۆڵینەوە دەکرێت، ئایا چ پێویستە لە تەلەفزیۆن، پشتبەستوو بە گریمانە و شیمانە لێدوان بدرێت؟. تۆ ئەگەر نیەتت باش بێت و مەبەستی دیکەت نەبێت، دەبوایە چاوەڕێی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوە بیت. نەدەبووایە بۆ بەرژەوەندیی تایبەت، سواری شەپۆلی سۆز و هەستی خەڵک بیت”.

خاڵی كچه‌كه‌ ده‌شنوسێت، “ئێستا، حیزب هەیە بیست کەسی پێناهێتە سەر شەقام، بەڵام بە هەڵوێست یان نووسینێکی ڕاستگۆیانە هەزار قاتی ئەمە دەهێنرێت. نمونەش سێ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ چەند چالاکوانێک، بە بۆنەی یادی پێنجسەد سالەی شەڕی چاڵدران، بەپشت بەستن بە سۆشیاڵ میدیا، بۆ پشتگیری پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بەهەزاران کەسمان لەچەند پایتەختێکی ئەوروپی و چەند شارێکی کوردستان هێنایە سەرشەقام”.

ده‌شڵێت، “ئەوەش بزانە، من لە نووسینەکانم هێندە ڕاستگۆم، دەتوانم بە هەزاران کەس بجوڵێنم. بۆیەشە مەبە پارێزەری ئێمە، چونکە لە تەواوی بنەماڵەکەمان کە بە دەگمەن نەبێت ئەگینا تەواوی پیاوەکانی شەهید و ئەنفال کراون، بە شاهیدی خەڵک، لەم ساڵانەدا بە ڕاوێژ لە گەڵ ئەندامانی ماڵبات، تەنیا قسەی من دەخوات. منیش بەوە ناسراوم چ لەکاری حیزبی و چ لە کاری میدیایی و ڕۆشنبیری، ڕەخنەگرم و قسەی خۆم دەکەم، سەرشۆڕی کەسیش نەبوومە.. خەڵکی ناوچەیەکیشم کە هەڵوێستە بەرزەکانی سەبارەت بە بەها مرۆڤیەکان دیار و ڕوونە، بە تایبەتیش لەسەر پرسی ئافرەتان”.

هه‌روه‌ها له‌ نوسینه‌كه‌ هاتووه‌، “خۆشت دەزانیت پرسی سەروین، ئێستا بە جیدی کاری لەسەر دەکرێت و بە ملیۆنان خەڵکیش چاودێری دۆخەکە دەکەن. داواکارم لەسەر ئەم پرسە واز لە کایەی سیاسی بێنیت، چونکە لە بەرژەوەندیی پرسەکەدا نیە. نمونەش، بزانە بەهۆی مانۆڕە سیاسیەکەت لە تەلەڤزیۆنی ئێن ئاڕ لەسەر مژاری سەروین، کێشەکەت چەند ئاڵۆزتر کردووە”.

 

سه‌روین نۆبه‌دار

Back to top button