2016 ساڵی سەردانی سەركردەكانی جیهان بوو بۆ كوردستان

خواكوڕك
بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو ساڵی 2016 زۆرترین سەركردەو بڕیار بەدەستەكانی وڵاتانی جیهان بەتایبەت وڵاتانی رۆژئاوا سەردانی باشووری كوردستانیان كردووە, بە جۆرێك كە دەیان سەركردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان لە هەولێر دیداری سیاسیان لەگەڵ رایەدارانی هەرێم بەتایبەت سەرۆكی هەرێم ئەنجامداوە.

بەشێكی زۆری ئەو ترافیكی بەرپرسانی بیانی كە لە هەولێر دەبینرێت لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو بە تایبەت لە 2016 پەیوەندی بە پێشڕەوییەكانی هێزی پێشمەرگە و ئۆپەراسیۆنی مووسڵەوە هەیە, هەر ئەمەش هەرێمی كوردستانی كردووەتە ناوەندێكی گرنگی سیاسی و بەردەوام شاندی وڵاتانی بیانی روو لە هەولێر دەكەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان گفتوگۆ و بۆچوون ئاڵوگۆڕ دەكەن, ئارامی هەرێم دەرفەتی زیاتر خۆشكردووە بۆ سەردانی بەردەوامی كاربەدەستانی وڵاتانی بیانی.
بەپێی ئەرشیفی مالپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم لە ساڵی 2016 دەیان سەركردەو كاربەدەستانی وڵاتانی بیانی رویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
لێرەدا ئاماژە بۆ بەروارو سەردانی چەند كەسایەتیەكی سیاسی‌و بەر پرسی باڵا دەكەین.
رۆژی 10-1-2016 (لۆدڤایك ئاشەر)، جێگری سەرۆكوەزیرانی هۆڵندا و شاندێكی باڵای ئەو وڵاتە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.

رۆژی 11-1-2016 سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ (ماركۆ كارنیلۆس) باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری كۆبووەوە. و بڕیاری ناردنی تیمێكی دیكەی مەشق و راهێنان بۆ هەرێمی كوردستان درا.

رۆژی 14-1-2016 ژەنەڕاڵ (تۆم بێكێت)، نێردراوی تایبەتی ئاسایشی حكوومەتی بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان و راوێژكاری سەربازیی بەریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێكی سەربازی گەیشتنە هەرێمی كوردستان.

رۆژی 21-1-2016 سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ جەنەراڵ (لۆید ئۆستن)، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا كۆبوونەوە.

رۆژی 25-2-2016 (سەرۆك بارزانی) و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا لەبارەی شەری مووسڵ كۆبوونەوە.

رۆژی 7-3-2016 شاندێكی هاوبەشی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی گرووپی حەفت و بانكی جیهانی سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد.

رۆژی 17ـی 3ـی 2016 سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (فیلیپ هامۆند) وەزیری دەرەوەی بریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد.

رۆژی 26-3-2016 (بان كی مۆن) سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد.

رۆژی 5-4-2016 (نێچیرڤان بارزانی)، لەگەڵ (ئید رۆیس) سەرۆكی نوێنەرایەتی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمریكا و شاندێكی یاوەری كۆبووەوە.

رۆژی 12ـی 4ـی 2016 (ژان ئێڤ لۆدریان) وەزیری بەرگریی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد.

رۆژی 14ـی 4ـی 2016 سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جەنەڕاڵ (جۆزێف ڤۆتێل) فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا كۆبووەوە.

رۆژی 22-4-2016 سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمریكا بە سەردانێك گەیشتە هەرێمی كوردستان.

رۆژی 28-4-2016 جەنەڕاڵ (جۆناتان ڤانس) سوپاسالاری كەنەدا و شاندێكی یاوەری لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) كۆبوونەووە و هەر هەمان رۆژ (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ (جەودەت یەڵماز) وەزیری پەرەپێدانی توركیا و شاندێكی یاوەری كۆبووەوە.

ئێوارەی هەمان رۆژ لە هەولێر سەرۆكی هەرێمی كوردستان و (جۆ بایدن) جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و شاندێكی یاوەری كۆبوونەوە.

رۆژی 10ـی 5ـی 2016 سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ (رۆبێرتا پینۆتی) وەزیری بەرگریی ئیتالیا كۆبووەوە.

رۆژی 11-5-2016 سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (ئیستێڤان شمیچكۆ) وەزیری بەرگریی هەنگاریا و شاندێكی یاوەری كرد.

رۆژی 15-5-2016 وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران لە هەولێر لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی كوردستان، كۆبووەوە.

بە ئامادەبوونی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 12-7-2016 یادداشتی لێكتێگەیشتنی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریكا واژۆكرا.

هەمان رۆژ سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (هارجیت سینگ ساجان) وەزیری بەرگریی كەنەدا كرد.

رۆژی 23-7-2016، (سەرۆك بارزانی)، لەگەڵ شاندێكی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا كۆبووەوە رەخنەی تووندی سەبارەت بە بەشداری نەكردنی شاندی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی وڵاتانی ھاوپەیمانی دژی داعش لە واشنتن لێگرتن.

رۆژی 15-9-2016 سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (تۆنی بلینكێن) جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كرد.

22-9-2016 (سەرۆك بارزانی) و (مایكڵ فاڵۆن) وەزیری بەرگریی بریتانیا كۆبوونەوە
هەمان رۆژ جەنەڕاڵ (جوزێف ڤۆتێڵ) فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا و شاندێكی یاوەری گەیشتنە هەرێمی كوردستان.

رۆژی 23-9-2016 (سەرۆك بارزانی) و وەزیری بەرگری ئەڵمانیا كۆبوونەوە.

رۆژی 23-10-2016 لە هەولێر سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (ئاشتن كارتەر) وەزیری بەرگریی ئەمریكا و شاندی یاوەری كرد.

رۆژی 25-10-2016 (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ (ستێفان لۆفێن) سەرۆكوەزیرانی سوید كۆبووەوە

رۆژی 3-12-2016 (رۆی ستیوارت) وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی بریتانیا و شاندێكی یاوەری سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد.

رۆژی 10-12-2016 سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە جەنەڕاڵ و بەرپرسی پێشووی سەربازیی ئەمریكا و هاوپەیمانان كە لە ساڵی 1991 بەشداربوون لە پاراستنی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

رۆژی 11-12-2016 سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ (ئاشتن كارتەر) وەزیری بەرگریی ئەمریكا لە هەولێر كۆبوونەوە.

رۆژی 18-12-2016 سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیرانی دەرەوەی لۆكسەمبۆرگ، بەلجیكا و هۆڵەندا لە هەولێر كرد.

Back to top button