سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بۆ یادی دامەزراندنی یەکێتی لاوانی کوردستان پەیامێک ئاراستە دەکات

 

دەقی پەیەمەکە

 

بەڕێزان سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و هەڤاڵانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لاوانی دیموکراتی كوردستان

 

سڵاوی خەبات و تێکۆشان،

 

بەبۆنەی (٦٧)ەمین  ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی لاوانی دیموکراتی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە و كادیر و ئەندامانی ڕێكخراوەكەتان و سەرجەم لاوانی ئازیزی كوردستان دەكەم،  ئومێدەوارم هەمیشە لە كار و چالاكی و كۆششەكانتان بۆ خزمەتکردنی خواست و داواکانی توێژی لاوان بەردەوام بن و ئەم یادە هاندەرێک بێت بۆ هەنگاوی گەورەتر و سەرکەوتنی زیاترتان.

 

مایەی شانازییە بۆ یەکیتییە تێکۆشەرەکەتان کە وەک پێشەنگێکی خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەیی گەلەکەمان، خاوەن مێژوویەکی پڕ سەروەری و خەباتی نەپساوە و کۆکەرەوەی توانا و بەهرەکانی سەرجەم لاوانی کوردستان بووە و چەندین  سەرکردە و تێکۆشەری لێهاتووی پێشکەش بە کۆڕی خەباتی نیشتیمانی و نەتەوەییمان کردووە. کار و خەباتی ڕێکخراوەیی و مەدەنیانەتان لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی ڕزگاریخوازیمان و پرۆسەی گەشەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا، بەرز دەنرخێنم..

 

لاوان سامانی نەتەوەیی و نیشتیمانین و توێژێکی گرنگ و کاریگەری بەرهەهێن و داینەمۆی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە و پێشکەوتنی كۆمەڵگان، دەبێ ڕێز لە توانا و بەهرەکانیان بگیرێت و خەون و خواستەکانیان بە هەند وەربگیرێن.

 

هەلومەرجی چارەنووسسازی ئەمڕۆی گەلەکەمان ئەرک و خەباتی زیاتر لە هەموو لایەک دەخوازێت، بەتایبەت بۆ پتەوترکردنی یەکڕیزی و تەبایی لەنێوان سەرجەم لایەن و پێکهاتەکانی کوردستاندا. هەمیشە چاوەڕوانی بینینی ڕۆڵی دڵسۆزانە و کاریگەر لە ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان دەکەم لە زیاتر بەهێزکردن و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نیشتیمانپەروەری و هەستی بەرپرسیارێتی لای لاوان دەرهەق بە ئەرکەکانیان وەک تاکی دڵسۆز، بەرهەمهێن، چالاک و کاریگەری کۆمەڵگاکەیان، لەگەڵ بڵاوکردنەوە و بەهێزکردنی بنەماکانی لێبوردەیی و ئاشتی و پێکەوەژیان، لەپێناو سەقامگیریی زیاتر و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی و ئایندەیەکی گەشتردا بۆ گەل و نیشتیمان.

 

گرنگە هەمیشە بە دیدگا و بەرنامه‌ى نوێ و سەردەمیانەوە کاری ڕێکخراوەییتان ئاراستە بکەن بە جۆرێک وەڵامدەرەوەی ڕۆحی قۆناغەکە و پێداویستیيەکانی و پێشکەوتنە خێرا و گەورەکانی سەردەمەکەمان و چاوەڕوانییەکانی لاوانی کوردستان بێت. بە دڵنیاییەوە ئێوە لە ئاستی ئەو چاوەڕوانیەدان و متمانەی تەواوم بە توانا و دڵسۆزی و لێهاتووییتان هەیە.

 

هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ یەکیتییە تێکۆشەرەکەتان دەخوازم.

بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانی تێکۆشەر.

 

سڵاو بۆ گیانی پیرۆزی شەهیدانی یەکێتيی لاوانی دیموکراتی کوردستان و سەرجەم شەهیدە قارەمانەکانی کوردستان.

 

نێچیرڤان بارزانی

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

 

Back to top button