زۆر خورادنەوەی قاوە ئەگەری توشبوون بە شەكرە زیاددەكات

ئەنجامی توێژینەوەیەكی پزیشكی ئاشكرای دەكات زۆر خواردنەوەی قاوە، ئەگەری توشبونی ئەو كەسانەی کە پەستانی خوێنیان بەرزە و كێشیان زۆرە، بە نەخۆشی شەكرە زیاد دەكات.

توێژینەوەكە لە ئیتاڵیا ئەنجامدراوە و باسی لەوە كردووە، خواردنەوەی زیاتر لە سێ كوپ قاوە بە شێوەیەكی بەردەوام و ڕۆژانە بۆ ئەوكەسانەی پەستانی خوێنیان بەرزە و كێشیان زیادە زیانی هەیە و دوو هێندە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شەكرە زیاد دەكات.

توێژینەوەكە لەسەر هەزار و 180 كەس ئەنجامدراوە كە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 45 ساڵیدا بووە، ماوەی شەش ساڵ چاودێری ڕێژەی خواردنەوەی قاوە و كاریگەرییەكانی كراوە لەسەر ئەو كەسانە.

ئەنجامەكان دەریانخستووە كە زۆر خورادنەوەی قاوە بەگشتی زیانی هەیە، بەڵام بۆ ئەو كەسانەی كە فشاری خوێنیان بەرزە و كێشان زیادە زیانەكەی زیاترە، بە تایبەت بۆ ئەگەری توشبوون بە شەكرە.

ئەم توێژینەوەیە پێچەوانەی ئەنجامی چەند توێژینەوەیەكی پێشوترە كە دەریخستبوو خواردنەوەی قاوە ئەگەری توشوبوون بە نەخۆشی شەكرە كەمدەكاتەوە.

Back to top button